595وتار

هەڵبژاردنەكانی عێراق: تاقیكردنەوەیەك بۆ ئەمەریكا

8/12/2021 12:26:00 PM
هێرش عەبدولڕەحمان

 دۆخی هەنوكەیی عێراق وایكردوە پێناچێت كە هەڵبژاردنەكان لەو وڵاتە لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا ئەنجام بدرێن. وڵاتەكە دەناڵێنێت بەدەست مشتومڕی توندی سیاسی و دۆخی لاوازی ئەمنی و دەستێوەردانی دەرەكییەوە. حۆپیشاندانەكانی ئۆكتۆبەری 2019ی عێراق وایكرد كە هەڵبژاردنی پێشوەختە رابگەیەنرێت و لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت. بەڵام لە مانگی كانونی دوەمی ئەمساڵ حكومەت بڕیاری دا وادەی ئەو هەڵبژاردنە بۆ 10ی ئۆكتۆبەری دوابخات ئەویش لەپێناو بەدەستهێنانی بۆ ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردن. بۆ روبەڕوبونەوەی هەمو ئەمانە، ئیدارەی جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمەریكا رۆڵی هەیە لە ئەنجامدان و بەڕێوەچونی هەڵبژاردنێكی ئازاد و دادپەروەرانە.

پێویستە ئەمەریكا یارمەتیدەر بێت لە بنیاتنانی عێراقێكی سەقامگیر و زیاتر دیموكراتی و سەربەخۆ. لەگەڵ ئەوەی زۆرێك لە پارتە سیاسییەكان بایكۆتی هەڵبژاردن دەكەن، هاوكات شانبەشانی ژینگەی ناسەقامگیری سیاسیی عێراق و دۆخی لاوازی ئەمنی و هەروەها دەستێوەردان و پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی، عێراق بوەتە تاقیكردنەوەیەك ئەمەریكا. خەڵكی توڕە و بێزارن لە سەركردە گەندەڵەكانیان. ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا دەتوانێ‌ یارمەتییان بدات لە دابینكردنی پشتیوانی و هاوكاری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی ئازاد و دادپەروەرانە. لەم رێگەیەوە دەكرێ دەنگی رای گشتی ببیسترێت و گوێی لێ بگیرێت. 

گەندەڵی بەربڵاو و دەستێوەردانی دەرەكی دو كێشەی بنەڕەتین كە رێگرن لەبەردەم هەڵبژاردنێكی ئازاد و دادپەروەرانە لە عێراق. سیاسەتمەدارانی عێراق و بەرپرسان بەشێوەیەكی بەرچاو گەندەڵن. لە 2003و، 150 ملیار دۆلار پارەی نەوت و بەقاچاخ براوەتە دەرەوەی عێراق. بەگوێرەی ئاماری رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، لەئێسادا لە كۆی 180 وڵاتی جیهان، عێراق لە ریزیەندی 160هەمین وڵاتدایە بۆ گەندەڵی. گەندەڵی لە عێراق دیاردەیەكی سیستماتیكییە و لەڕوی سیاسییەوە سەپێنراوە. ئەو پڕۆسەیە بەردەوامیی هەیە لەڕێی كوشتن و رفاندن و جۆرەكانی دیكەی توندوتیژی لەلایەن میلیشیا چەكدارەكانەوە. ئەو گروپانە لەلایەن قەرماندە سیاسییە باڵادەستەكانەوە پشتیوانییان دەكرێت. 


بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستا، زۆرێك لە پارتە سیاسییەكان بایكۆتی هەڵبژاردنیان راگەیاندوە. ئەو پارتە سیاسییانە ئاماژە بە نەبونی شەفافیەت و سوربونی خۆیان لەسەر بڕیارەكان دەكەنەوە. زۆرینەی ئەو پارتانەی لەئێستاوە بڕیاری بایكۆتی هەڵبژاردنیان داوە، لەو پارتانەن كە پێشتر بەرلە هەر شتێك داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەیان دەكرد. 

لەوەش زیاتر، رۆڵی بەكرێگیراوە دەرەكییەكان هۆكارێكی دیكەی رێگرە لەبەردەم هەڵبژاردنەكان. عێراق بوەتە مەیدانی شەڕی بەكرێگیراوانی وڵاتانی دراوسێ، بە تایبەت ئێران، سعودیە، توركیا. تا ئەو كاتەی ئەم وڵاتانە لەسەر خاكی عێراق بونیان هەبێت، سەقامگیری سیاسیی ناوخۆیی ئەستەمە لەو وڵاتە بێتە دی. 

لەو بارەیەوە، لەوكاتەوەی رژێمەكەی سەدام روخاوە، ئێران زۆر بەهەژمون بوە لە عێراق. ئێران بەكرێگیراوەكانی خۆی بەكاردەهێنێت لەپێناو بەرفراوانكردنی هەژمونی خۆی لە عێراق و وەدەرنانی هێزەكانی ئەمەریكا لەو وڵاتە. جگە لەوەش، كوشتنی ژەنەراڵ قاسم سولەیمانی لە عێراق، پەیوەندییەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێرانی زیاتر تێكدا كە گاریگەریی ئەو بەرەوپێشچونەش كەوتە سەر شانی عێراقییەكان. 

لەلایەكی ترەوە، هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ئامانجە كوردییەكان لە هەرێمی كوردستان بەهەمان شێوە بونەتە هۆی ناسەقامگیریی زیاتر. ئامانجی توركیا زیادكرنی هەژمونی خۆیەتی لە هەرێمی كوردستان و بەشەكانی دیكەی عێراق. ئەمەش دەكرێت ببێتە هۆی تێكدانی دۆخی ئێستا. ئێران و توركیا دەكرێت لە كۆتایدا بگەنە شەڕی بەكرێگیراوەكانیان لەناوخۆی عێراق. 

هەربۆیە، سەبارەت بە ئیدارەی بایدن، ئاڵ،گارییەكە بریتی دەبێت لە چارەسەری پرسەكانی دەستێوەردانی دەرەكی و ئاسایشی ناوخۆی عێراق. هەڕەشە ئەمنییەكانی كە لەلایەن میلیشیا چەكدارەكانەوە دەكرێن لەناوخۆی عێراق پێویستە بەتایبەت لەبەرچاو بگیرێن. پێویستە ئەمەریكا بەردەوام بێت لە دابینكردنی پشتیوانی و مەشق و راهێنان بە هێزە ئەمنییەكانی عێراق لەپێناو روبەڕوبونەوەی هەڕەشەكان. 

لەبارەی دەستێوەدرانە دەرەكییەكان لە عێراق، هەنگاوێكی گرنگ كە پێویستە ئەمەریكا بیگرێـەبەر بریتییە لە گرتنەبەری رێگەچارەی دیپلۆماسیی شانبەشانی هاوپەیمانە ئیقلیمییەكان ئەویش بۆ رێگرتن لەو چلاكییانەی دەبنە هۆی تێكدانی سەقامگیریی ناوچەكە. بەتایبەتتر، دانوستانەكان لەگەڵ ئێران ئەگەری ئەوەیان هەیە بەرهەمدار بن. بەهەمان شێوە، توركیا و سعودیە و ئیسرائیل و وڵاتانی دیكەی كەنداو دەكرێت بەشدار بن بۆ دانوستان لەبارەی رێگەچارەیەكی ئیقلیمی بۆ عێراقێكی سەقامگیر. دو بەهێزترین وڵاتی نێو ئەنجومەنی وڵاتانی كۆمەكبەخش، كە بریتین لە ئیمارات و سعودیە پێشتر نەرمیی خۆیان پیشانداوە لە بەدەستهێنانی متمانەی ئیدارەی بایدن. دەكرێت ئەمەریكا ئەو نەرمی نواندنە لەمامەڵەی وڵاتانی كەنداو بقۆزێتەوە لەپێناو هێنانەكایەی سەقامگیری لە عێراق. 

هەڵبژاردنەكان میكانیزمێكی گرنگن لە دیموكراسیدا. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەەر بێتو پڕۆسەی هەڵبژاردن لە ژینگەیەكی نادادپەروەرانەدا ئەنجام بدرێت، ئەوا دەبێـە هۆی بەردەوامیدان بە گەندەڵ و تێكدانی كۆمەڵگا. حاڵی حازر عێراق لەبەردەم دوڕیانێكدایە. لەئێستادا و لەگەڵ هەبونی ئەو چالاكییانەی لەناو عێراقدا هەن، مەحاڵە هەڵبژاردنێكی ئازاد و دادەروەرانە ئەنجام بدرێت. پێویستە ئەمەریكا هەوڵبدات بۆ سەقامگیركردنی عێراق ئەویش لەڕێی پشتیوانیكردنی حكومەتی عێراق و دیالۆگكردن لەگەڵ هێزە ئیقلیمییەكان. تەنها عێراقێكی سەقامگیر دەتوانێت ببێتە سەرەتایەك بۆ سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

نوسینی: هێرش عەبدولڕەحمان
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: فەلاح حەسەن
سەرچاوە: لۆس ئەنجلۆس تریبۆن

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن