907 کوردستان

لە بەرەی کوردستانییەوە بۆ ئەنجومەنی باڵای حزبەکان

09:43 - 20/09/2019

زەمەن: بەهادین یوسف

دوای سێ ئەزموونی پێکهێنانی بەرەیەک یان ئەنجومەنێک بۆ پارتە سیاسییەکان، جارێکی تر هەوڵەکان دەستپێدەکەنەوە بۆ دروستکردنەوەی شتێکی هاوشێوە بەڵام ئەمجارە بەناوی “ئەنجومەنی باڵای پارتە سیاسییەکان” شارەزایان و چاودێران پێیانوایە پێکهێنانی ئەنجومەنێک بۆ پارتەکان بۆ کەمکردنەوەی رۆڵی دامەزراوە شەرعی و دەستوورییەکانە.


ئەنجومەن و بەرە لە مێژوودا
دوای هەڵوەشاندنەوەی بەرەی کوردستانیی لە ساڵی 1992 و پێکهێنانی هەڵبژاردنی پەرلەمان و دواتر حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی 29ی ئازاری ساڵی 2007، جارێکی تر ئەنجومەنی باڵای پارتە سیاسییەکان بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی پێکهێنرایەوە کە لە نوێنەرایەتی شەش حزب و نوێنەری تورکمان و ئاشورییەکان پێکهاتبوو ئەوانیش: پارتی، یه‌كێتی، یه‌كگرتوو، كۆمه‌ڵ، شیوعی، سۆشیالیست و زه‌حمه‌تكێشان بوون.

ئەوکات بڕیاربوو ئەنجومەنەکە پەیڕەوێکی ناوخۆی هەبێ و مانگانە کۆببێتەوە، جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكوەزیران و جێگرەکەی، لەگەڵ سه‌رۆكی په‌رله‌مان و جێگرەکەی بەشداری بکەن. بەڵام هەرگیز ئەو ئەنجومەنە لە کات و وادەی خۆیدا کۆنەبوویەوەو بڕیارێکی ئەوتۆیان دەرنەکرد.

دوای هەڵبژاردنەکانی 25ی تەموزی 2009 و هاتنە ئارای بزووتنەوەی گۆڕان، ئەنجومەنەکە خۆبەخۆ هەڵوەشایەوەو هیچ ئاسەوارێکی نەما.

جارێکی تر و لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2017، نوێنەری 15 پارت و لایەنی سیاسی ناو پارلەمان و حكومەت - بێجگە لە بزووتنەوەی گۆڕان - کۆبوونەوە و بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمیان دا. رۆژی 8ی حوزەیرانی 2017 لیژنەیەک بەناوی (لیژنەی باڵای ریفراندۆم) پێکهێنراو یەکەم کۆبوونەوەیان بەبێ گۆڕان و کۆمەڵ ئەنجامدا و بڕیارەکەی بارزانییان پەسەندکردو بڕیاردرا کە 25ی ئەیلول ریفراندۆم بکرێت.

بەبڕیاری ئەو پارتانە ریفراندۆم ئەنجامدراو حکومەتی عێراق و وڵاتانی جیهان کاردانەوەیان پیشاندا و هێزی پێشمەرگە لە 51%ی خاکی هەرێم و سەرجەم ناوچە کوردستانییە کێشە لەسەرەکان پاشەکشەی کرد.

پێنج رۆژ دوای‌ ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم‌، ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ ریفراندۆم ناوه‌كه‌ی‌ خۆی‌ گۆڕی‌ به سه‌ركردایه‌تی‌ سیاسی كوردستان- عێراق، بەهۆی کاردانەوە ناوخۆییەکان لەسەر ناوی ئەنجومەنەکە 11 رۆژ دواتر پاشگری (داش-عێراق) لێکرایەوەو ناوی کۆبوونەوەی حزبەکان گۆڕدرا بە ئەنجومەنی باڵای پارتە سیاسییەکان.

دوای ئەو ئەزموونانەو پێکهێنانی ئەو ئەنجومەنانە، ئێستاش جارێکی تر دووبارە هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی ئەو ئەنجومەنە لە دەرەوەی پەرلەمان و حکومەت دەستیپێکردووەتەوە.

د.جەلال حەسەن مستەفا، مامۆستای زانکۆو پسپۆڕی یاسایی و دەستووریی لەو بارەیەوە بۆ “زەمەن” وتی: لە بنەمادا لە هەرێمی کوردستان دەستوور نییە، تا بۆشایی دەستووریی هەبێ، پێکهێنانی ئەنجومەنێکی لەوشێوەیە بەدیلێکی یاسایی نییە، لە ئەمری واقیع دروست دەبێ”.

وتیشی: “ئەم ئەنجومەنە پێویست نییە، تەنانەت ئەگەر کاربکرێت بۆ ئەوەی دیموکراسی پەرەی پێبدرێت ئەوا پێویستە پەرلەمان ببێتە مەرجەع بۆ پرسە گرنگەکان، ئەو هەوڵەش بەتایبەتی بۆ پاشەکشەی پەرلەمانە”. 

بۆ ئەوانەی لەدەرەوەی حکومەتن
محەمەدی حاجی مەحمود، سکرتێری حزبی سۆشیالست دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا هەوڵەکانی بۆ پێکهێنانی ئەو ئەنجومەنەو دامەزراندنی مەرجەع یان ئەنجومەنێک بۆ هەرێم ئاشکراکردو رایگەیاند: کۆمەڵێک لە حزبەکان لە حکومەتدا نین بۆیە پێکهێنانی ئەو ئەنجومەنە راوێژکارییە، سیاسییە گرنگە بۆ کۆکردنەوەی حزبەکان.

ئەو لێدوان و هەوڵانە هەرزوو کاردانەوەی لێکەوتەوەو بەشێکی حزب و لایەنەکان لەسەر زاری بەرپرسانی باڵایانەوە رەتیانکردەوەو رایانگەیاند: پێكهاته‌ی دامه‌زراوه‌كانی سیستمی سیاسی له‌هه‌رێمی كوردستاندا (په‌رله‌مان، حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم) هەیە و هیچ بۆشاییه‌كی ده‌ستووریی نابینرێ كه‌ له ‌ده‌ستووردا جێگای بۆ بكرێته‌وه‌ تا دامه‌زراوه‌یه‌كی تری بۆ دروست بكرێت.

بەپێویستیان زانی لەبەرامبەر ئەو هەوڵەدا، دامەزراوە یاسایی و شەرعییەکانی هەرێمی کوردستان بەهێز بکرێن و بکرێنە مەرجەع، بە تایبەتی پەرلەمانی کوردستان.

د.جەلال حەسەن مستەفا، وتی: “ئەگەر بمانەوێت دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان رەگ دابکوتێ، دەبێ رۆڵی حزبەکان کەم بکەینەوە. ئەنجومەنێکی لەو شێوەیە لەگەڵ هەبوونی پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران کە ئەمانە دامەزراوەی یاسایین، کار دۆزینەوەیە بۆ ژمارەیەک حزبی سیاسی رەنگە لە واقیعدا هەبوونی وایان نەبێ. بەڵام ئەگەر لە ئەنجومەنێکی وادابن رەنگە ببنە دەنگێکی کاریگەر و ئەجێندای کۆمەڵێک حزبی تر ببنە پێشەوە”.

بەپێی زانیارییەکان، ئێستا هەوڵەکان بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم پارتە سیاسییەکانە بەناوی ئەنجومەنێک بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی، بەتایبەتی ئەو حزبانەی کە کورسی پەرلەمانیان نییەو لە پارتە دەسەڵاتدارەکانەوە نزیکن.

بەوتەی د.جەلال حەسەن؛ هەموو حزبێک ئەو هەوڵەی هەیە، ئەو ئەنجومەنەش لە بۆشایی دەستووردا کاریگەری دەبێ، بە تایبەتی بۆ پارتی و ئەوانەی دەسەڵاتدارن کاریگەری گەورەی هەیە، بەتایبەت بۆ هەندێک پرس هەیە کە ناوی دەنێن پرسی نیشتمانیی یان گەورە، پرسەکە چەند گەورەبێ تەنیا پەرلەمان دەتوانێ رۆڵی کاریگەری هەبێ. لەبەرامبەردا پێویستە رۆڵی گەورەو یەکلایی کەرەوە بدرێتە پەرلەمان لە پێناو چەسپاندنی پایەکانی دیموکراسیدا”.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن