1629 کەلتور

تارا محەمەد ئەمین: هونەرمەندی کورد تاکێکی دڵسۆز نییە!

05:11 - 07/09/2019

سازدانی: بارین عەلی

( تارا محەمەد ئەمین) لە وڵاتی نەرویج دەژی، یەکێکە لە هونەرمەندە چالاک و دیارەکانی نێو دنیای شێوەکاری، حەز و خولیای هونەری ئەو، دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی منداڵی، لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا، ئەم حەز و خولیایە گەورەتر دەبێت و ئەمەش وا دەکات، تارا لەپاڵ خوێندنی هونەردا بە شێوەی ئەکادیمی، ئەزموونیش وەک فێرگەیەک دەستی دەگرێت و خەیاڵی قووڵتر دەکات و بەشداری چەندین پێشانگەی تایبەت و هاوبەشی شێوەکاریی کردووە.
لەم گفتوگۆیەدا لەگەڵ “کولتووری زەمەن”، کۆمەڵێک پرسی هونەریی دەخاتە ڕوو.



* وەک زۆرێک لە هونەرمەندەکانی تر، تۆش خولیای هونەریت لە منداڵییەوە سەری هەڵداوە، بەڵام پێمان بڵێ لەو سەرەتایەوە چۆن برەوت پێدا و لەکوێدا بە شێوەیەکی پڕۆفیشناڵ خۆتت بینییەوە؟
- هونەری وێنەکێشان لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە، لای من سەرچاوەی گرت، هاوکات خولیاو ئارەزوویەکی زۆرم هەبوو بۆی، بەردەوامیم پێدا تا ئەو کاتەی لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی، بە شێوەیەکی ئەکادیمی لەو بوارەدا خوێندم، دواتر من هەوڵێکی زۆرمداوەو کاری زۆرم کردووە، دەتوانم بڵێم ئەزموونم زۆرە، نەوەستان و بەردەوامی هێزی هونەریی پێبەخشیوم، واتا تەنها خوێندنی شوێنێکی هونەریی، هونەرمەند دروست ناکات.


* هاوسەرەکەشت وەک خۆت شێوەکارە، کاریگەریتان چییە لەسەر ژیان بە گشتی و هونەری یەکتر بە تایبەت؟
- بەڵێ هاوسەرەکەشم هونەرمەندی شێوەکارە، کاریگەریمان نییە لەسەر یەکتر، چونکە ستایلی کار کردنمان جیاوازە، هاوکات کەرەستەی جیاوازیش‌ بەکاردەهێنین بۆ کارکردن، بۆ نموونە: من بۆیەی ئاوی و قەڵەمی رەنگاورەنگ زۆر بەکاردێنم، قەڵەمی HB هەندێ جار تێکەڵاو بە فەحمی قاوەیی بۆ بەخشینی تابلۆیەک مۆرکی کۆن ببەخشێ، زیاتر ئەمە بۆ پۆرترێت بەکار دێنم. هاوسەرەکەم بە ئەکریل لە سەر کانڤاس کار دەکات، سکێچات و هەندێجار پۆرترێت.


* ئەزموونی ژیانکردن لە وڵاتێکی ئەوروپیدا چ گۆڕانکاریەکی لە شێوازی بیرکردنەوە و هونەری تۆ گۆڕیوە؟
- ساڵانێکی زۆرە لێرە ژیان دەکەم، سەیر نییە کاریگەری ئەرێنی زۆری لە شێوازی بیرکردنەوەو هەڵسوکەوتم کربێ، بۆ نموونە ئازادی تاک، مافی ژن، مافی منداڵ، مافی ئاژەڵ، بە یەک چاو سەیرکردنی نەتەوە جیاوازەکان، مافی پیرو کەمئەندامان، رێزی یاساو پاک راگرتنی ژینگە و رێزی کات، ئەم نموونانەش‌ ڕەنگدانەوەی باشی لەسەر بیرکردنەوەو هونەرەکەم دروست کردوە هەر بۆیەش لە هەندێ لە تابلۆکانمدا ڕەنگدانەوەم هەبووە. 


* لە زۆربەی تابلۆکانتدا ژیان و سرووشتی کوردەواری دەبینین، ئایا ئەمە وا ناکات داهێنانەکانت سنووردار بێت و هونەرەکەت بە شێوەیەکی محەلی بمێنێتەوە؟
- هەمیشە خولیای دیمەنە جوانەکانی سرووشتم، منیش بەشێکی دانەبڕاوم لەو سرووشتە، بە تایبەت سرووشتی کوردستان، هاوکات چەندین تابلۆی سرووشتی نەرویج و هەندێ وڵاتی ئەورپیشم کێشاوە، لە ئیستادا هەندێ تابلۆشم هەیە، هێشتا نمایش نەکراون، ئەمانە تەواو جیاوازن.


* لە ئێستادا ئاستی هونەی شێوەکاری لە کوردستاندا چۆن دەبینیت؟
- لەگەڵ ئەوەی تەمەنی هونەری کوردی دوورو درێژ نییە، بەڵام وەک ئاستی هونەریی، هونەرمەندی ئەکادیمی هەیە لە کوردستاندا.


* لەگەڵ هاوسەرەکەت پێشانگایەکی هاوبەشتان کردەوە، باسی ئەو پێشانگایەمان بۆ بکە و پێمان بڵێ سەرنجی بینەر و هونەرمەندە بیانییەکان چی بوون لەسە کارەکانتان؟
- دوا پێشانگای هاوبەشمان لەگەڵ هاوسەرم، سەرنج و تێڕامانی جوانم دەبینی، بە تایبەت دیمەنێک زۆر سەرنجی راکێشام، ژنێک لە گەڵ دایکە بەتەمەنەکەیدا رامابوون بە دیار تابلۆکانەوە، بە تایبەت تابلۆی بۆفی (دوڵ دوڵ بۆڕاق) زۆر بە وردی پرسیاریان لێ دەکردم، هەروەها هونەرمەندە نەرویجیەکان، پێشوازییەکی جوان و هەستێکی تایبەتیان پێ دەبەخشین سوپاسیان دەکەم، بە راستی یەکبەیەکی تابلۆکانیان زۆر بە سەرنجەوە تەماشا دەکرد و پرسیاری وردیان دەربارەیان دەکرد. 


* بۆچی هونەرمەندی کورد، نەیتوانیوە وەکو پێویست کارەساتە تراژیدییەکانی نەتەوە لە بەرهەمە هونەرییەکاندا تەوزیف بکات، لەکاتیکدا دەبینین بەشێکی زۆی شاکارە جیهانییەکان، سەبارەت بە کارەساتە تراژیدیا جیهانییەکانن؟
- هونەرمەندی کورد تاکێکی دڵسۆز نییە، هەستی بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ نەگرتووە، ئەوەی جێی نیگەرانییە، هونەری شێوەکاری کوردیی نەیتوانیوە هۆکارێک بێت بۆ خزمەتکردنی وەرچەرخانی کۆمەڵگا، زۆربەی هونەرمەندانمان، تەنها تەرکیزیان لەسەر فۆرم و ئێستاتیکایە، هونەری راستەقینە دەبێ زمانحاڵی گەل بێت و کار بۆ دادپەروەریی و یەکسانی و مافی مرۆڤ بکات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن