24 کوردستان

لەگەڵ دابەزینی پلەکانی گەرما بازاڕی سەروپێ گەرم دەبێت

12:40 - 20/10/2026

زەمەن:-

 

سەرمای زستان بازاڕی سەروپێی لە دهۆک گەرم کردووە و خواردنگەکان بوونەتە شوێنی کۆبوونەوەی هەوادارانی ئەم خواردنە ڕەسەنە.

سەروپێ، کە بە کەللەپاچەش ناسراوە، یەکێکە لە خواردنە کوردەوارییە ڕەسەن و باوەکان، بە تایبەتی لە وەرزی سەرما و دابەزینی پلەکانی گەرما لەسەر مێزەکانی خواردنگە میللییەکان دەبینرێت. ئەم خواردنە کە لە بەشە جیاوازەکانی سەر و پێی ئاژەڵ، وەک زمان، مێشک و ڕیخۆڵە، بە شێوەیەکی تایبەت ئامادە دەکرێت و بووەتە بەشێک لە نەریتی خواردن و کولتووری میوانداریی لە کۆمەڵگەی کوردییدا.

خواردنگەکانی دهۆک ئامادەکاریی تەواو دەکەن بۆ پێشوازییکردن لەو کەسانەی تام و چێژی ئەم خواردنە قورس و بەتامەیان لا مەبەستە و وەک بەشێک لە کولتووری زستانە دەیناسێنن.
خاوەنی یەکێک لە خواردنگەکان ئاماژە بەوە دەکات کە ساڵانە لە مانگی ئەیلوول و لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما، خواردنی سەروپێ پێشکەش بە هەوادارانی ئەم خواردنە دەکەن.

ئازاد عادل، خاوەنی خواردنگەیەکی سەروپێیە لە شاری دهۆک، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەو گۆڕانکارییە کرد کە لەگەڵ وەرزەکاندا بەسەر کارەکەیدا دێت و گوتی: "هەموو ساڵێک لە سەرەتای مانگی ئەیلوولەوە، کاتێک کەمێک هەست بە فێنکبوونی هەوا دەکرێت، تا کۆتایی مانگی نیسان کە وەرزی بەهار بەرەو کۆتایی دەچێت، خواستێکی بێوێنە لەسەر خواردنی سەروپێ هەیە. لەم ماوەیەدا کە کەشوهەوا ساردە، خەڵک پاچە وەک سەرچاوەیەک بۆ گەرمکردنەوەی جەستە و وزە دەبینن".

ئازاد ئاماژەی بەوەش کرد کە خواردنگەکەیان بە شەو و بە ڕۆژ کراوەیە بۆ ئەوەی لە هەر کاتێکدا بێت خزمەتگوزاریی پێشکەش بە هەوادارانی سەروپێ بکەن.

دەربارەی پێکهاتەکانی پاچەکەش گوتی: "مێزەکانمان دەوڵەمەندن بە هەموو جۆرە پێکهاتەیەکی سەروپێ ، لەوانە: ڕیخۆڵە، زمان، مێشک، میمبار و هتد. ئێمە لێرە بە وردی کار لەسەر پاکوخاوێنی و تامی ڕەسەنی پاچەکە دەکەین، هەواداران هەفتەی دوو جار سەردانمان دەکەن و بەبێ خواردنی پاچە ناتوانن تێپەڕ بن".

خاوەنی خواردنگەکە ئەوەشی خستە ڕوو کە ناوبانگی پاچەی دهۆک سنوورەکانی شارەکەی بڕیوە و گوتی: "تەنها خەڵکی دهۆک هەوادارانی پاچەی خواردنگەکەمان نین، بەڵکو گەشتیارانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، بەتایبەت خەڵکی بەغدا و شارەکانی خواروو، کاتێک سەردانی دهۆک دەکەن، یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانیان خواردنی پاچەیە و زۆر سەرسامن بەو تام و شێوازی ئامادەکردنەی لای ئێمە هەیە".

یەکێک لە هەوادارەکانی سەروپێ، ئاماژە بەوە دەکات کە پاچە بۆ ئەو، تام و چێژێکی تایبەتی هەیە و پێشەنگی خواردنەکانە.

شێروان ماهیر، کە یەکێکە لە هەوادارە سەرسەختەکانی ئەم خواردنە میللییە، باس لە پەیوەندی خۆی و پاچە دەکات و بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بۆ من پاچە تەنها ژەمێکی ئاسایی نییە، بەڵکو تام و چێژێکی تایبەتی هەیە کە لە هیچ خواردنێکی تردا نایدۆزمەوە. پاچە لای من پێشەنگی هەموو جۆرە خواردنەکانە و ناتوانم لێی دوور بکەومەوە".

ئەم گەنجە باس لەوە دەکات کە لە وەرزی زستاندا چێژێکی زیاتر لەم خواردنە دەبینێت و گوتی: "بەتایبەت کاتێک پلەکانی گەرما دادەبەزن، هیچ شتێک وەک قاپێک پاچەی گەرم مرۆڤ ئاسوودە ناکات، لەناو پێکهاتەکانی پاچەدا ئارەزوویەکی زۆرم بۆ 'ڕیخۆڵە' هەیە و بەردەوام لە وەرزی سەرمادا سەردانی خواردنگە تایبەتەکانی پاچە دەکەم، ئەمە بووەتە نەریتێکی ساڵانە لام و چێژێکی زۆری لێ دەبینم".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن