بەرپرسی یەکێتی و پارتی فەرمانی گرتنیان بۆدەرچوو
12:49 - 31/08/2026
زەمەن_هەواڵ
حیزبە کوردستانییەکانی خانەقین دەڵێن، سەرجەم رێگە دەستووری، یاسایی و مەدەنییەکان دەگرنەبەر بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی هاونیشتمانییان.
ئەمڕۆ دووشەممە، 31ـی ئابی 2026، حیزبە کوردستانییەکان لەبارەی خۆپێشاندان لە شارەکە رایانگەیاند: "رێوشوێنەکانی ئاسایش و پاراستنی گردبوونەوەکە لە ئاستی پێویستدا نەبوون و مایەی دڵنیایی نەبوون."
بڕیاربوو دژی بەعەرەبکردن لە شاری خانەقین (کە یەکێکە لە ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان و لەرووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای دیالەیە) ئێوارەی ئەمڕۆ خۆپێشاندانێکی جەماوەری بەڕێوەبچێت، بەڵام رێکخەرانی خۆپێشاندانەکە رایانگەیاند، چالاکییەکەیان هەڵپەساردووە، نەوەک هەڵوەشاندنەوە.
فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 20 کەس دەرچووە و ژمارەیەکیان دەستگیرکراون.
حیزبە کوردستانییەکان داوا دەکەن "دەستبەجێ هەموو دەستگیرکراوان ئازاد بکرێن و فەرمانی گرتن بۆ کەسایەتییە سیاسییەکان، چالاکوانان و گەنجان هەڵبوەشێندرێتەوە، چونکە بەشداریی ئەوان تەنیا دەربڕینی داواکاریی دەستووری بووە بە رێگەی ئاشتییانە و مەدەنی."