"بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم زیادی کرد و ڕۆژانە گەیشتە ٢٣٠ هەزار بەرمیل"
03:37 - 29/08/2026
زەمەن_هەواڵ
وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان كهمال محهمهد: "کۆمپانیاکانی نەوت گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان و سەرجەم کێڵگەکان دەستیان بە چالاکی کردووەتەوە".
وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان كهمال محهمهد ڕایگەیاند، "ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە هەرێمی کوردستان ڕووی لە زیادبوون کردووە و گەیشتووەتە ڕۆژانە نزیکەی ٢٣٠ هەزار بەرمیل".
کەمال محەمەد، ڕایگەیاند: "کۆمپانیاکانی نەوت گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان و سەرجەم کێڵگەکان دەستیان بە چالاکی کردووەتەوە؛ بەمەش ئاستی بەرهەمهێنان گەیشتووەتە نزیکەی ٢٣٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە و تاوەکو ئێستاش تەنیا کێڵگەی سەرسەنگ لە پارێزگای دهۆک بەهۆی زیانەکانی هێرشی درۆنییەوە دەستی بە بەرهەمهێنان نەکردووەتەوە".
وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت ڕایگەیاند: "هۆکاری گرانبوونی بەنزین دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازیی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت، کە لە سنووری حکوومەتی عێراقی فیدراڵ چوار دۆلارە و لە هەرێم ١٦ دۆلارە، ئەگەر بەغدا تێچووی بەرهەمهێنان بۆ کۆمپانیاکان بکاتە چوار دۆلار یان بەپێی سەرژمێریی نوێ (ڕێژەی ٪١٤) بەشە سووتەمەنی بۆ هەرێم بنێرێت، دەتوانین لیتری بەنزین بە ٤٥٠ دینار بدەنە هاووڵاتییان".
کەمال محەمەد، ئاماژەشی بەوەکرد لە ماوەی ڕابردوو بە نووسراو وەزارەتی نەوتی عێراق ئاگادار کراوەتەوە کێشەی سووتەمەنی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکەن و شێوازی چارەسەرکەش خراوەتە ڕوو و گوتیشی: "ئەمجارەش وەزارەتمان هەموو داتاکانی داوەتە لیژنەی نەوت غاز، لیژنەکە لەماوەی هەفتەیەکدا ڕاسپاردەکانی پێشکەشی پەرلەمانی عیڕاق دەکات و پەرلەمان بڕیاری لەسەردەدات".