هەولێر ئاماداکارییەکانی بۆیادی مەولود دەستپێکرد
04:03 - 23/08/2026
زەمەن_هەواڵ
هەولێر خۆی بۆ پێشوازیکردن لە یادی پڕشنگداری لەدایکبوونی پێشەوای مرۆڤایەتی، حەزرەتی محەمەد (دروودی خوای لەسەر بێت) ئامادە دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٣ی ئابی ٢٠٢٦، رازاندنەوەی ئەمشەوەوە لە هەولێر، ئامادەکارییە بەرفراوانەکان بۆ پێشوازیکردن لە یادی لەدایکبوونی پێغەمبری ئیسلام (محەمەد) د.خ دەستیان پێکرد، کە بڕیارە رۆژی سێشەممەرێککەوتی ٢٥ـی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت.
هاوکات، لە سەردەمی فەرمانڕەوایی سوڵتان موزەفەر، هەولێر یەکەمین شار بووە کە ئەم یادەی بە فەرمی و بە شێوازێکی جەماوەریی و بەفراوان بۆ خەڵکی ناوچەکە و دەرەوە رێکخستووە، کە تاوەکوو ئێستاش ئەم مێژووە زێڕینە لە دڵی قەڵا و منارەی شارەکەدا دەنگ دەداتەوە.
هەروەها، بەخشین و خواردن دابەشکردن وەک بەشێکی سەرەکی لەم یادە دەردەکەون؛ بە شێوەیەک سەرمایەداران، خاوەن چێشتخانەکان، دوکانداران و هاووڵاتییانی خۆبەخش، ئامادەکاری دەکەن بۆ دابەشکردنی خواردنی گەرم و شیرینی بە تایبەت: پاقڵاوە، لوقم و چوکلێت بەسەر هاووڵاتییاندا، وەک نیشانەیەک بۆ بەخشندەیی و میهرەبانیی پەیامی ئیسلام.
لە لایەکی دیکەوە، مزگەوت و تەکیەکانی پارێزگای هەولێر خۆیان بۆ سازکردنی کۆڕی گەورەی مەولوودنامە، زیکر و گوتارخوێندنەوە ئامادە دەکەن. لەو رۆژە پیرۆزەدا، هاووڵاتییان بە گڕوتین و سۆزێکی رۆحیی بێپایانەوە، بە پۆشینی جلوبەرگی رەسەنی کوردی، بەشداری لەم یادە گەورەیەدا دەکەن و بە دەنگی تەکبیرات و سەڵاواتدان لەسەر گیانی پاکی پێغەمبەر محەمەد (دروودی خوای لەسەر بێت)، دیمەنێکی بێوێنە لە تەبایی و پێکەوەژیان لە پایتەختدا تۆمار دەکەن.
رۆژی (12ـی رَبِيعِ الْأَوَّلِ)ـی هەموو ساڵێک، رۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام محەممەدە (د.خ)، کە بە یەکێک لە گرنگترین بۆنە ئایینییەکان لە جیھانی ئیسلامیدا دادەنرێت. لە عێراق و ھەرێمی کوردستان، بە بۆنەی ئەم رۆژە پیرۆزەوە پشووی فەرمییە.