54 کوردستان

نەوتی ماڵان دەکرێت بە کارتی زیرەک

03:52 - 23/08/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 پرۆسەی دەرکردنی کارتی زیرەکی نەوت بۆ هاووڵاتییان لە بەشێک لە پارێزگاکان دەستیپێکردووە و لەمەودوا دابەشکردنی نەوتی ماڵان لە رێگەی کارتەوە دەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٣ی ئابی ٢٠٢٦، ئاراس محەمەد، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی سلێمانی ئاشکرایکرد، پرۆسەی گواستنەوەی فۆڕمی خۆراک لە بریکارێکەوە بۆ بریکارێکی دیکە دەستیپێکردووە و کارتی کاتی راگیراوە، هاووڵاتییان دەتوانن لە یەکشەممە تا پێنجشەممە سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بکەن و کارتە کاتییەکانیان بۆ هەمیشەیی بگۆڕن.

 لەبارەی پێداویستییەکانی هەمیشەییکردنی کارتەکان وتی: بۆ ئەو مەبەستە کۆپییەک لە زانیارییەکانی بەرنامەی خۆراک، کۆپیی فۆڕمی خۆراکی ماڵی باوکی هاووڵاتی بۆ ساڵانی ٢٠٢٠ تا ٢٠٢٢، لەگەڵ کۆپیی کارتی نیشتمانی پێویستە.

سەبارەت بە کارتی زیرەکی نەوت، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی سلێمانی روونیکردەوە، لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، کارتی زیرەکی نەوت بۆ سەرجەم هاووڵاتییان دروست دەکرێت، ئامانجی ئەم پڕۆژەیە ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییان و دابەشکردنی یەکسان و دادپەروەرانەی گاز و نەوتە، بەشێوەیەک هاووڵاتییان بتوانن لە رێگەی ئەو کارتەوە پێداویستییەکانیان وەربگرن.

زیاتر لە مانگێکە پرۆسەی دروستکردنی کارتی زیرەکی نەوت لە زۆرینەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە، ئێستا لە چەند ناوچەیەک هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەی ئەو کارتەوە نەوت و گاز و بەنزین وەربگرن. جێبەجێکردنی ئەم رێکارانە تا ئاستێکی بەرچاو کێشەی دابینکردنی سووتەمەنیی چارەسەرکردووە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن