کۆڕەک تلیکۆم: هەزاران بەشداربوو زیانیان پێدەگات
01:25 - 10/08/2026
زەمەن_هەواڵ
ڕاگەیەندراوێک لە کۆمپانیای کۆرەک تیلیکۆمەوە
کارگێڕی گشتی کۆمپانیای کۆرەک تیلیکۆم، لەسەر ئەو بڕیارەی لەلایەن دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراقەوە دەرچووە، ڕاگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە .
کۆمپانیای کۆرەک تیلیکۆم، ئاماژەی بەوەداوە، بە داخێکی زۆرەوە ئاگاداری ئەو ڕاگەیەندراوە بووین کە لەلایەن دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراقەوە دەرچووە، کە وردەکاریی ئەو ڕێکارانەی لەبەرچاو گرتووە کە دەستەکە نیازی هەیە لە دژی کۆمپانیاکەمان و بەشداربووانمان بیانگرێتەبەر.
کۆمپانیای کۆرەک تیلیکۆم، دەڵێت، ئەم ڕاگەیەندراوە مایەی سەرسوڕمانمان نەبوو، چونکە ماوە ماوە ڕاهاتووین لەسەر گرتنەبەری ڕێکاری نادادپەروەرانەی یەک بە دوای یەک لەلایەن دەستەکەوە، کە بە هاندانی ئەو ڕەوتە سیاسییەی ڕێبەری کارگێڕی دەستەکە دەکات، ئەنجام دەدرێن.
ئەوەشی خستۆتەڕوو، دەستەکە لە ماوەی تانە دان له بڕیارەکەیدا نەوەستا لە دووبارەکردنەوەی لێدوانەکانی لە ڕێگەی سەکۆ میدیاییەکانییەوە و ڕاگەیاندنی پلانەکانی دژی کۆمپانیاکەمان، تاوەکو ئەمڕۆش بەڕاگەیەندراوەکەی کە خرایە بەردەم ڕای گشتی، تووشی سەرسوڕمانیان کردین.
کۆمپانیایەکە، دووپاتی لەوەکردۆتەوە، دەمانەوێت ڕوونی بکهینەوە کە سەرۆکی دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان هیچ دەسەڵاتێکی هەڵوەشاندنەوەی سازانەکەی نییە، چونکە ئەو سازانە لەلایەن دەسەڵاتە باڵاکانەوە پەسەند کراوە، نەک لەخۆوە و بە تەنیا بە بڕیاری دەستەکە بووبێت، ئەو ڕەفتار و نالەبارییانەی کە دژی کۆمپانیاکەمان دەگیرێتەبەر، دەمانخاتە ژێر پرسیارەوە کە ئایا دەستەکە ئەوەی لەبەرچاو گرتووە کە ئەو ڕێکارە نادادپەروەرانە و ناپیشەییانە کاریگەری لەسەر ناوبانگی عێراق دەبێت لەبەردەم وەبەرهێنەری بیانیدا ؟