بە هاتنی ستارلینك كۆمپانیاكان ناچارن نرخی ئینتەرنێت هەرزان بكەن
04:25 - 08/08/2026
زەمەن_هەواڵ
مەحمود روبەیعی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمیسیارانی دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكان ڕایگەیاند، خزمەتگوزاریی ستارلینك جێگرەوەی وای فای یان كێبڵی تیشكی نییە، بەڵكو ئینتەرنێتێكی ئاسمانییە كە لە نزیكەی 160 وڵاتدا كاردەكات.
وتیشی: ئێمە لە عێراق ناتوانین لەم تەكنەلۆژیا پێشكەوتووە داببڕێین و دەبێت هاوشانی جیهان بین، هەروەها هاووڵاتییان دڵنیا دەكەینەوە، ئینتەرنێتی ئاسایی و كێبڵی تیشكی بە نرخەكانی ئێستایانەوە بەردەست دەمێنن.
روونیشیكردەوە، ئێمە پێویستمان بەم خزمەتگوزارییە نوێیە هەیە بۆ دامەزراوە گەورەكانی وەك كێڵگە نەوتییەكان و ئەو ناوچانەی بێبەشن لە ئینتەرنێت، كاتێك كۆمپانیا گەورەكان ڕوو لە ستارلینك دەكەن، فشار لەسەر تۆڕەكانی ئێستا زۆر كەم دەبێتەوە، ئەمەش كاریگەریی ئەرێنی دەبێت و پێشبینی دەكەین نرخی ئینتەرنێت دابەزێنێت، كە بەتەواوی لە قازانجی هاووڵاتییاندایە