لە ئەمڕۆوە..پلەکانی گەرما بە شێوەی بەرچاو بەرزدەبنەوە
01:26 - 11/07/2026
زەمەن - هەواڵ
پشتیوان پێنجوێنی،
شارەزای بواری کەشناسی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، لە ڕۆژی هەینییەوە شەپۆلێکی نوێی
گەرما ڕووی لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کردووە و لە ئەمڕۆ شەممەوە کاریگەرییەکانی
بەتەواوی هەستی پێدەکرێت. ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ یەکشەممە و دووسبەی دووشەممە
چەقی شەپۆلەکە دەبێت و گەرما دەگاتە لوتکە.
بەپێی پێشبینییەکانی
ئەو شارەزایەی کەشناسی، بەرزترین پلەی گەرما بۆ ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممە لە قەزای
کەلار دەبێت کە دەگاتە 46 بۆ 47 پلەی سیلیزی و لە کەرکوکیش 45 بۆ 46 پلە دەبێت.
هاوکات لە هەولێر
و هەڵەبجە پلەکانی گەرما لە نێوان 43 بۆ 45 پلە دەبن، لە سلێمانی 43 پلە و لە دهۆکیش
42 پلە دەبێت، لە کاتێکدا نزمترین پلەی گەرما لە حاجی ئۆمەران دەبێت کە 35 پلەی سیلیزییە
و قەزای پێنجوێنیش لە نێوان 38 بۆ 39 پلەدا دەبێت.