بەفەرمانی ترەمپ لە ئێران درا.. ئەمە تۆڵەسەندنەوەیە .
11:46 - 09/07/2026
زەمەن- هەواڵ
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران بۆ دووەم
رۆژ لەسەر یەک رۆژی پێنجشەممە 09-07-2026 هێرشیان کردەوە سەر یەکدی، ئەمەش دوای ئەوەی
ترەمپ گوتی، ئاگربەست کۆتایی هاتووە.
دوای ئەوەی هەردوولا رۆژی چوارشەممە بۆردوومانی
توندی یەکدییان کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە فەرمی رایگەیاند، رێککەوتنی
ئاگربەست لەگەڵ ئێران کۆتایی پێهاتووە. لەگەڵ ئەوەشدا، سەرۆکی ئەمریکا پێشبینی کرد
کە بۆردوومانەکان بە خێرایی کۆتاییان بێت.
هێزەکانی ئەمریکا رایانگەیاند، هێرشە نوێیەکانیان
بۆ سەر ئێران بە ئامانجی لاوازکردنی "توانای تاران لە هەڕەشەکردن لە ئازادیی
کەشتیوانی لە تەنگەی هورمزدایە،" ئەمەش دوای ئەوەی ئێران لە رۆژانی رابردوودا
هێرشی کردبووە سەر چەند کەشتییەکی بازرگانی لەو رێڕۆ ئاوییە گرنگەدا.
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم)
رایگەیاند، هێزەکانیان لە گەڕێکی نوێی هێرشەکاندا نزیکەی 90 ئامانجی سەربازییان لە
کەناراوەکانی ئێران بۆردومان کردووە.
میدیای ئێران رایگەیاند، هێرشەکانی ئەمریکا پردێکی
شەمەندەفەری گرنگیان لە باکووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە و بنکەیەکی سەربازییان لە شاری
بەندەری بوشێهر (کە تاکە وێستگەی ئەتۆمیی سڤیلی لێیە) تێکشکاندووە.
هەروەها دەنگی فڕۆکەی جەنگی بەسەر دوورگەی کیش
بیستراوە و تەقینەوە بەهێزەکان شارە کەناراوییەکانی بەندەر عەباس، کۆناراک و چابەهاریان
هەژاندووە، کە بووەتە هۆی بڕانی کارەبای بەشێکی چابەهار.
ترەمپ لە پۆستێکدا لە ترووس سۆشیاڵ نووسی:
"ئەمە تۆڵەسەندنەوەیە لەو هێرشانەی دوێنێی ئێران بۆ سەر کەشتییەکان. ئەگەر
دووبارە ببێتەوە، زۆر خراپتر دەبێت."
سەرۆکی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە لە ناو فڕۆکەی سەرۆکایەتیی
ئێیەر فۆرس وەن بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، نوێنەرانی تاران "پەیوەندییان پێوەکردووین"
و "بە پەرۆشەوە دەیانەوێت رێککەوتن بکەن،" ئەگەرچی ترەمپ گومانی لە
خواستەکەیان پیشاندا و بە "کەمێک شێت" وەسفی کردن.
وەڵامی مووشەکیی سوپای پاسداران بۆ بنکەکانی ئەمریکا
لە وەڵامدا، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند،
رۆژی پێنجشەممە هێرشی مووشەکی و درۆنی تووندیان کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا
لە کوێت و بەحرێن.
دەنگی تەقینەوەی گەورە لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین
بیسترا، کوێتیش بەرپەرچدانەوەی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی بەسەر ئاسمانی بنکەکانییەوە
راگەیاند.