12 جیهان

دۆناڵد ترەمپ: رێککەوتنی کاتی لەگەڵ ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ کۆتایی هاتوە‌

12:07 - 08/07/2026

زەمەن - هەواڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی توندی دایە تاران و رایگەیاند، رێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، هاوکات رەخنەی توندی ئاراستەی هاوپەیمانیی ناتۆ، ئیسپانیا و دانیمارک کرد.

ترەمپ ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ـی تەممووزی 2026، سەبارەت بە دۆخی ئێران، ترەمپ رایگەیاند، گورزی توندیان لە تاران داوە، ئاماژەی بەوەشدا "بۆ من ئاگربەست کۆتایی هاتووە و رێککەوتن لەگەڵ ئێران هەڵوەشاوەتەوە."

ترەمپ هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی بەرپرسانی تاران کرد و گوتی "هەر جارێک ئێران هێرش بکاتە سەر کەشتییەکی بازرگانی، ئێمە 20 ئەوەندە لێیان دەدەینەوە." دەشڵێت  "ئێرانییەکان خۆشیان نازانن چی دەکەن؛ ئێمە کاتێکی زۆرمان لەگەڵ تاران بەفیڕۆدا و ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کاری خۆمان بکەین."

لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ نیگەرانی و ناڕەزایەتیی خۆی بەرامبەر هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی دەربڕی و گوتی "دڵم بە ناتۆ خۆش نییە، ئێمە زیاتر لە تریلیۆنێک دۆلارمان لەو هاوپەیمانێتییەدا خەرجکردووە، کەچی لە بەرامبەردا ئەوان یارمەتییان نەداین."

هەر لەم چوارچێوەیەدا، ترەمپ هێرشی کردە سەر مەدرید و رایگەیاند "ئیسپانیا هاوبەشێکی باش نییە لە ناتۆدا و پەیوەندییە بازرگانییەکانمان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا دەپچڕێنم."

پرسی دوورگەی گرینلاند بەشێکی دیکەی قسەکانی ترەمپ بووە و گوتی "گرینلاند کێشەیەکی گەورەیە؛ ئەم ناوچەیە بۆ ئەمریکا گرنگە نەک بۆ دانیمارک." گوتیشی "نەدەبوو گرینلاند بۆ دانیمارک بگەڕێنینەوە."

ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ چوارشەممە، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، زنجیرەیەک هێرشی چڕیان کردووەتە سەر ناوخۆی ئێران. بە گوتەی ئەمریکا، لەو هێرشانەدا زیاتر لە 80 ئامانجی سەربازی پێکراون، لەوانە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، بنکەکانی فەرماندەیی، رادارە کەنارییەکان و بەلەمە جەنگییەکانی سوپای پاسداران لە نزیک گەرووی هورمز. واشنتن دەڵێت؛ ئەم هەنگاوەی بۆ سزادانی تاران بووە، چونکە ئێران هێرشی کردووەتە سەر سێ کەشتی بازرگانی لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا.

لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، 85 پێگەی سەربازی ئەمریکای لە هەردوو وڵاتی بەحرێن و کوەیت کردووەتە ئامانج. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم هێرشانە وەک وەڵامێک بووە بۆ پێشێلکردنی رێککەوتنی ئاگربەست لەلایەن ئەمریکاوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن