پەڕلەمان: شوشەیەك بۆ شاردنەوەی تاوان
7/7/2026 1:33:00 PM
د. ڕێبوار فەتاح
نمونەی حوکمی پارتی لەوی ئۆردۆغان دەچێ: دەبێ دەسەڵاتی بڕیاردان و هەموو کەرتی حکومەت لەلای خۆیان بێ، گرفتی لەگەڵ کاراکردنی پەڕلەمان نیە گەر ڕووی تاوانی دەسەڵات بڕازێنێتەوە، بە مەرجێ هەرگیز نەبێ بە هەڕەشە لەسەر دەسەڵاتی مۆنۆپۆلی پارتی.
.
لە چەند لایەکەوە پارتی فشاری لەسەرە. ئێستا ڕۆشنە، کە شێوازی حوکمڕانی بەر لە کامپەینی ئەلزەیدی سەرۆك وەزیران لە کوردستاندا بەردەوام نابێ. هەروەك نوێنەری ترەمپ تۆم باڕاك هەرزوو ڕایگەیاند، فیدڕاڵی لەو ناوچەیەدا شکستی خواردووە.
.
ڕێککەوتنی یەکێتی و نەوەی نوێ بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی پەڕلەمانی هاوتا بەوی پارتی، فشارێکی قورسە.
.
تەنیا کارتێك پارتی دەیەوێ بەکاری بهێنێ، ئەمەیە: داوا لە هەموو قەوارەکان دەکات پەڕلەمان کارا بکەنەوە، بەڵام دەیەوێ هیچ گۆڕانێك لە حکومەتی ماوە بەسەرچوودا نەکات، کە لەژێر کۆنترۆڵی تەواوی چەند کەسێکی بنەماڵی بارزانیدایە، لە ١٩٩١-ەوە حوکمڕانن.
.
بۆچی بە پیرەوەچوونی پێشنیاری پارتی خۆکوژیە؟ بەر لەوەی قەوارەکان هیچ هەنگاوێك بنێن، دەبێ چەند خاڵێك لەبەرچاو بگرن.
.
یەکەم، دەبێ دۆخی هەولێر ئاسایی بکرێتەوە و لەژێر دەسەڵاتی پارتی دەربهێنرێ. دەنا پارتی هەرچ کات بخوازێ دەرگای پەڕلەمان دادەخات، قەوارەکانی دەری پارتی تێكدەشکێنێ. تەنانەت گواستەنەوەی پەڕلەمان بۆ سلێمانیش چارەسەر نیە.
.
دووەم، دەسەڵاتی بڕیاردان، جێبەجێکردن و دادوەری دەبێ لەدەستی بنەماڵە بهێنرێتە دەرەوە؛ نابێ هەموویان لە دەستی یەك خێزاندا بن، لەم مۆدیلەدا دەسەڵاتەکان جیاکراوەتەوە، بەڵام لەسەر خوانی نانخواردن یەکدەگرنەوە.
سێیەم، ئەو کەسانەی کە هەڵنابژێرن پێویستە هەموو دەسەڵاتێکیان لێ بسێنرێتەو. دەنا هەرچ بڕیارێك بدرێ، کەسێکی وەك مەسعود بارزانی بەبێ ئەوەی هیچ پۆستێکی فەرمی هەبێ، پێشێلی دەکات.
.
چوارەم، دەبێ کۆمەڵگەی عێراق، ناوچەکە و نێونەتەوەی بەئاگابهێنرێتەوە، کە تەنیا مامەڵە لەگەڵ لایەنی فەرمی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بکەن، نەك کەسێك کە لە دەرەوەی دەسەڵاتە. ئێستا زۆرەبەی ئەم پەیوەندیانە لە دەستی مەسعود بارزانیدیە، کە پۆستی فەرمی نیە. هەموو ئەم لایەنانە مامەڵە لەگەڵ ئەمری واقعدا دەکەن: خێڵ کوردستان بەڕێوە دەبات. لەم مۆدیلەدا، هەڵبژاردن بێمانایە.
.
پێنجەم، دەسەڵاتی سیاسی هەرێم ئێستا لە دەستی خێزاندایە، نەك دەستگای دەوڵەت. بەبێ کارا کردنی (نەك کاراکردنەوەی) ئەم دەستگایانە، کوردستان لەو قەیرانانە ڕزگاری نابێ کە لە ١٩٩١-ەوە کۆبووەتەوە، هەروەك مافی هاووڵات هەمیشە ژێرپێ دەخرێ.
.
شەشەم، دەستگای دەوڵەت پێویستە بینای دیاری هەبێ، نەك کەسێك وەك سەرۆك خێڵ، لە ماڵەوە دانیشتبێ و حوکم بکات. هەروەك دەکرێ دەسەڵاتەکان لە نێوان سلێمانی و هەولێردا دابەشبکرێن، بۆ نمونە، پەڕلەمان لە سلێمانی بێ و حکومەت لە هەولێر.
.
حەتەم، پۆستی سەرۆکی هەرێم زیادە، تەنیا چارەسەری تەبایی نێو بنەماڵە دەکات. هەروەك پۆستی دەستگای پاراستن نابێ لە دەستی ئەو خێزانەدا بێ کە حکومەت، پەڕلەمان، دەسەڵاتی دادوەری، بەرگری، دەرەوە، بازرگانی، ناوخۆ و تد بەدەستەوەیە. ئەوە پێناسەی دەسەڵاتی سەرکوتکەرە.
.
سەردانی ئەلزەیدی سەرۆك وەزیران بۆ سلێمانی و کۆبوونەوەی لەگەڵ هەموو قەوارەکانی دەری پارتی، هێزێکی نوێی بە لاوازکردنی پارتی دا.
.
من چارەسەری دۆخی کوردستان لە هیچ گروپێکی ئێستادا نابیم. ئەم پێشنیارانەم بۆ هێزێکی نوێیە، کە پێویست ناکات حزب بێ.
.