56وتار

"بەعەرەبکردنی بێدەنگ"ی هەرێمی کوردستان کارەساتێکی نیشتمان

7/7/2026 9:21:00 PM
بورهان أ. یاسین

ئەوەی خواره‌وه‌ ناونیشانی وتاری هەرە دوایی (د.بورهان یاسین)ه‌ کە ئەمڕۆ (٧-٧-٢٠٢٦) لە ماڵپەڕی کەسییه‌كه‌یدا بڵاوبۆتەوە. وتارەکە دوور و درێژە، له‌م پێشه‌كیه‌یدا چه‌ند په‌ره‌گرافێك له‌ وتاره‌كه‌ هه‌ڵێنجراوه‌.

لینکی وتارەکە لە کۆتایی داندراوه‌..
 
چەند بڕگەیەک لە پێشەکی وتارەکە:
*  لە چەند ساڵی دواییدا، چ لە ناوەخۆ وە چ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، کۆمەڵە دەنگێک پێیان وتین، وە بەردەوامیش پێمان دەڵێن، کە "چارەنووسی هەرێمی کوردستان لە مەترسیدایە و تەنەت دەشکرێ ئەم هەرێمە فیدڕاڵییە وەک خۆی نەمێنێتەوە". لە ئەمڕۆدا ئەم ئەگەرە بە توندی پەیوەندیدارە بە بارگرژییەکی کەم وێنەی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتییەوە. پەیوەندییە قەیراناوی پڕ لە ململانێکانی ئەم دوو حزبە لە ئێستادا لە هەموو رۆژێک زیاتر هەڕەشەن لەسەر چارەنووسی هەرێمی کوردستان.
                                                                                       -----
*  لە لایەکی ترەوە، وە لە سێبەری قەیرانی فەرمانڕەوایی و ململانێی پارتی و یەکێتیدا، پڕۆسەیەکی زۆر مەترسیدار بەڕێوە دەچێت، ئەویش هاتنی بە لێشاوی عەرەبە بۆ هەرێمی کوردستان. واتە دەرەنجام، لەم پڕۆسەیەدا، "بەعەرەبکردنی بێدەنگ"ی  کوردستان بەڕێوە دەچێ، بەعەرەبکردنێک کە دەبێتە هەڕەشەی جدی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی باشوری کوردستان.
                                                                                      ------
*  بە پێی زانیارییەکان، سێ ساڵ بەر لە ئێستا (واتە تا ساڵی ٢٠٢٣)، یەک ملیۆن و سی و دوو هەزار لە دانیشتوانی هەرێمی کوردستان عەرەب بوونە، واتە، کەم یا زۆر، دەکاتە ٢٦% لە دانیشتوانی ئەو هەرێمە. هەر بە پێێ ئەو زانیارییانە ١٧٩ خوێندنگەی عەرەبی هەبووە، هەروەها تا ئەو کاتە ٣٢ هەزار مناڵی عەرەب لە هەرێمی کوردستان لە دایک بوونە و "ناسنامەی" کوردستانیان بۆ کراوە. ئەم پڕۆسەی بەعەرەبکردنە، کە ئەم زانیارییانە پشتڕاستی دەکەنەوە، نەک هەر بە ئاگاداری دەسەڵاتدارانی هەرێم دەکرێ، بەڵکو، بە پێی هەندێک زانیاری، ٩٥% لە پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە کوردستان بەرپرسانی لە پشتە یا سودمەندن لێی.
                                                                                             ----
                                                                                             ----
چەند بڕگەیەک لە دەرەنجامی وتار:
*  یەکێک لە رەهەندە هەرە گرنگەکانی ئەم دیاردەی بەعەرەبکردن ئەوەیە کە کورد نەتەوەیەکی بێدەوڵەتە و دەکرێ لەدەستدانی هەر مەترێک چوارگۆشەی خاک ببێ بە هۆی ئەوەی ئەو نەتەوە بێدەوڵەتە، لە پرۆسەیەکی دوور و درێژی لەدەستدانی خاکدا، یەکێک لە بنەما و ستونە بنچینەییەکانی نەتەوەبوون و پرسی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆی لەدەست بدات: بۆ کورد خاک یەکێکە لەو دوو خەندەقە (یەکێکیان زوبان و ئەویتریش خاک) هەرە گرنگ و گەوهەریەیە کە لە ئاکامی لەدەستدانیاندا توانای بەرگری لە مانەوەی خۆی و تەواوی پرسە نەتەوەییەکەی لەدەست بدات. بۆ نەتەوەی بێدەوڵەت، بە بەراورد لەگەڵ نەتەوەی خاوەن دەوڵەت، لەدەستدانی خاک زۆر ئاسانترە، کاتێکیش لەدەستی بدات گەڕاندنەوە و ئازادکردنی زۆر ئەستەمە.
                                                                                               ----
*  بەعەرەبکردنی بێدەنگی هەرێمی کوردستان وە نەبوونی میکانیزمێک و بنەمایەکی یاسایی و دەستوری، لە تەرتیباتی فیدڕاڵیدا، کە یارمەتی کورد بدات بۆ ئەوەی بەو میکانیزمە رێگا لەو هاتنەی بە لێشاوی عەرەب بگرێ، لاوازیی و کەموکورتیی مەترسیداری بنەماکانی ئەو سیستمی فیدڕاڵییە دەردەخات.
                                                                                                ----
*  لایەنێکی دیکەی پڕۆسەکە ئەوەیە کە دروشمی "برایەتی کورد و عەرەب" نەک هەر دروشمێکی پڕ کێشەیە، بەڵکو لە راستیدا دەکرێ لە کاتی جێبەجێکردنیدا، داگیرکار بکات بە خاوەن ماڵ، واتە باوەڕبوون بەو دروشمە باشترین دەروازەیە بۆ ئەو بەعەرەبکردنە بێدەنگ و نەرمە، کە ماوەیەکی زۆرە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە ئەچێت.
                                                                                                  -----
*  کاتێک باس لە دیاردەی بەعەرەبکردنی بێدەنگ دەکەین ئەوا لە چوارچێوەی دوانەی مێژوو و سیاسەتدا پرسیارێکی زۆر گرنگ دێتە گۆڕێ، ئەویش ئەوەیە ئایا ئەو دەسەڵاتدارانەی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان، کە دوێنێ لەو شاخە ئامادە بوون، لە خەباتیان دژی بەعەرەبکردن و بۆ پاراستنی خاکی کوردستان، ژیانی خۆیان ببەخشن، ئەوە چیە وا ئەکات کە هەمان ئەو "خەباتکارانە"ی دوێنێی شاخ، کاتێک دەسەڵاتییان بەسەر ئەو خاکەوە دەبێت، لە ئاست شێوازێکی دیکەی بەعەرەبکردن بێباک و بێدەنگ بن؟ لە راستیدا نەک هەر بێباکن بەڵکو بەشێکیان، راستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ، بەشدارن لەو تاوانەدا، تاوانێک کە بە دڵنیاییەوە تا ئاستی "خیانەتی نیشتمانی" ئەڕوات! بە هەمان لۆجیک و پێودانگ، تیرۆرکردن، خستنە کونجی زیندان و بێدەنگکرنی ئازادیخوازان لە هەرێمی کوردستان، جۆرێکی ترە لە گومان خستنە سەر رابردووی، هەرنەبێ بەشێکی، دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆی شار و "خەباتکارانی" دوێنێی شاخ!

لینکی وتارەکە، لە ماڵپەڕی کەسیم:
https://burhanyassin.com/Be%20Erebkirdin%207.2026.pdf

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن