18 کوردستان

د. ڕێبوار کەریم: ئەمڕۆ یان سبەی بەغداد مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ڕەوانە دەکات

01:08 - 07/07/2026

زەمەن - هەواڵ
فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق بە فەرمی بانگهێشتی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران کراوە. ئامانجی ئەم بانگهێشتکردنە تاوتوێکردنی کێشە داراییەکان و پرسی دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە. د. ڕێبوار کەریم، ئەندامی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەکەدا داوای ڕوونکردنەوە لە وەزیر دەکات سەبارەت بەوەی کەی "یاریی" ناردن و نەناردنی مووچە بە تەواوی کۆتایی دێت و پرسەکە یەکلایی دەکرێتەوە.

کاتی گەیشتنی تەمویلی مووچە👇
بەپێی زانیارییەکانی د. ڕێبوار کەریم کە لە وەزارەتی داراییەوە پێی دراوە، بڕیارە ئەمڕۆ یان سبەی بەغداد تەمویلی مووچەی هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات. هاوکات شیروان دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران پێشتر بۆ کەناڵ8ـی پشتڕاست کردەوە کە سەرەڕای کێشەی نەختینە لە حکومەتی فیدراڵ و وەرنەگرتنی مووچەی پەرلەمانتاران و فەرمانبەرانی ئەنجوومەن، بەڵام بڕیار دراوە ئەمڕۆ تەمویلی مووچەی هەرێم بکرێت.

وەزیری دارایی عێراق یەکەی ژمێریاریی وەزارەتەکەی ئاگادارکردووەتەوە بۆ ناردنی مووچەی مانگی شەشی هەرێمی کوردستان. ڕێکارەکە بەو شێوەیە دەبێت کە بڕی 120 ملیار دینار لە کۆی تەمویلەکە دەبڕدرێت، ئەمەش وەک بەرانبەری داهاتی نانەوتیی ناوخۆ کە دەبێت بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتیی دەوڵەت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن