پۆلیس بۆ هاوڵاتیان: لەكاتی گەرمادا دان بەخۆتاندا بگرن
12:32 - 05/07/2026
زەمەن_هەواڵ
پۆلیسی گەرمیان، داوا لە هاوڵاتیان دەکات، دان بەخۆیاندا بگرن و بڕیاری خێرا نەدەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ٥ـی تەمووزی ٢٠٢٦، سۆران محەمەد غەریب، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان تیشک دەخاتە سەر پەیوەندی نێوان گەرمای توند و تێکچوونی باری دەروونی کە دەبێتە هۆی کێشەی ئەمنی و خێزانی و داوا دەکات هاوڵاتیان لە بڕیاری خێرا و مشتومڕ دوور بکەونەوە و جەخت دەکاتەوە کە پەیڕەوکردنی یاسا گرەنتی پاراستنی ژیانی هەموانە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە گەرمای توند دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی تووڕەیی، کەمبوونەوەی ئارامی دەروونی و هەندێک هەڵسوکەوتی خێرا و نەگونجاو، کە لە هەندێک حاڵەتدا دەگاتە مشتومڕ و توندوتیژی."
بەهۆی پەرەسەندنی ئەم دیاردە کۆمەڵایەتی و کێشە ئەمنییانەوە، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان داوا لە هاوڵاتیان دەکات کە ئەم خاڵانە رەچاو بکەن:
- پاراستنی ئارامی: هاوڵاتیان ئارامی خۆیان بپارێزن و لە کاتی تووڕەبووندا هیچ بڕیارێکی خێرا نەدەن.
- دوورکەوتنەوە لە ناکۆکی: لە مشتومڕ و ململانێ دوور بکەونەوە و لەبری ئەوە گفتوگۆی ئارام وەک شێوازێکی تەندروست هەڵبژێرن.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا جەختی کردەوە کە ئارامی کۆمەڵگا تەنها بە هاوکاری هەمووان دەپارێزرێت و پەیڕەوکردنی یاسا بە باشترین رێگا دادەنرێت بۆ پاراستنی ژیان و سەلامەتی سەرجەم هاوڵاتیان.