وەزارەتی پەروەردە خزمەتی مامۆستایان و فەرمانبەران درێژ دەکاتەوە
04:36 - 31/05/2026
زەمەن_هەواڵ
وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاند: ئەو مامۆستا، سەرپەرشتیار و فەرمانبەرانەی بڕیارە لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا خانەنشین بکرێن، دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن بۆ درێژکردنەوەی ماوەی خزمەتەکەیان.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ٣١ی ئایاری ٢٠٢٦، وەزارەتی پەروەردەی هەرێم، لە نووسراوێکی بەپەلەدا سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی ئاگادار کردووەتەوە کە ئەو مامۆستا، سەرپەرشتیار و فەرمانبەرانەی بڕیارە لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا خانەنشین بکرێن، دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن بۆ درێژکردنەوەی ماوەی خزمەتەکەیان تاوەکو کۆتایی ساڵ، بۆ ئەم مەبەستەش تەنها دوو ڕۆژ مۆڵەت لەبەردەم خوازیاراندا هەیە.
وەزارەتى پەروەردە لە نووسراوەکەى دەڵێت "مامۆستا، سەرپەرشتیار و فەرمانبەران کە لەدایکبووى یەکى تەمموزى ١٩٦٦، دەیانەوێت لە خزمەت بەردەوامبن دەتوانن داواکاریی پێشکەش بکەن و لە خزمەت بن".
بەگوێرەى یاساى خانەنشینى یەکگرتووى عێراق، فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لە تەمەنى ٦٠ ساڵى خانەنشین دەکرێن، بە مەبەستى دروستنەبوونى کەمى میلاک لە خوێندنگەکان و ناوەندەکانى سەر بە وەزارەتى پەروەردە تەمەنى خزمەتى مامۆستایان شەش مانگ درێژدەکرێتەوە.