ئەگەری فەوتانی موچەی دیکەی هەرێم
01:19 - 10/05/2026
زەمەن - هەواڵ
بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت، پێشبینی ناکرێت تەیف سامی لە پۆستی وەزیری دارایی عێراق بمێنێتەوە و جەختیش دەکاتەوە؛ ئەگەر بودجەی 2026 پەسەند نەکرێت، ئەگەری فەوتانی موچەی دیکەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ئارادایە.
د. فازڵ نەبی، بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاندووە، ئەو تەیف سامییەی پێشتر دەیناسی و 10 ساڵ پێکەوە کاریان کردووە، ئێستا تەواو گۆڕاوە و ئەو بڕیار و هەڵوێستانەی بەرامبەر بە مافە داراییەکانی هەرێمی کوردستان هەیەتی، دەرئەنجامی ئەو فشارە سیاسی و لاوەکییانەیە کە خراونەتە سەری، هاوکات پێشبینیش دەکات لە داهاتوودا لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە و نەمێنێتەوە.
سەبارەت بە پرسی دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، د. فازڵ نەبی ئاماژەی بەوە کرد کە جێبەجێکردنی ئەو پرسە تەنها پێویستی بە نزیکەی 50 ملیار دینارە. ڕوونیشیکردەوە، خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە بەلای حکومەتی بەغداوە هیچ نییە و ڕێک وەک "ئاوخواردنەوە" وایە، چونکە لە عێراقدا چەندین ملیار دیناری زۆر گەورەتر بەهەدەر دراوە و خوراوە، بۆیە ناتوانرێت بیانووی نەبوونی پارە بۆ ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوە بهێنرێتەوە.
ئاماژە بەوەش دەکات کە ناوەند بە "عەقڵییەتی موئامەرە" مامەڵە لەگەڵ شایستە داراییەکانی هەرێم دەکات و لاوازیی نوێنەرایەتیی کورد لە بەغدا و نەبوونی شارەزای دارایی لە ناوەندەکانی بڕیار، وایکردووە ساڵانە هەرێم بڕی 5 بۆ 6 ترلیۆن دینار زیانی بەربکەوێت.
هۆشداریش دەدات کە ئەگەر یاسای بودجەی 2026 پەسەند نەکرێت، بەغدا بە عەقڵییەتی ساڵی ڕابردوو مامەڵە دەکات و مەترسی فەوتانی چەند مووچەیەکی تری فەرمانبەرانی هەرێم لە ئارادایە، چونکە بەغدا تەنها بە سیستەمی 12/1 بەپێی خەرجییەکانی ساڵی پێشوو پارە خەرج دەکات.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، ئەو بەرپرسەی پێشووی وەزارەتی دارایی، دەنگۆی بەرزبوونەوەی بەردەوامی بەهای دۆلاری ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، ئەگەری گەیشتنی 100 دۆلار بۆ 160 یان 170 هەزار دینار دوورە لە ڕاستییەوە و تەنها قسەی ناو بازاڕە.
جەختیشی کردەوە کە بانکی ناوەندیی عێراق یەدەگێکی زۆری هەیە و توانای کۆنترۆڵکردنی بازاڕی هەیە، تەنها لە یەک حاڵەتدا بەهای دۆلار بەرز دەبێتەوە؛ ئەویش ئەوەیە ئەمریکا بەتەواوی پشتی لە عێراق بکات.