ئەمڕۆ یان سبەی مووچە دێت
01:42 - 10/05/2026
زەمەن_هەواڵ
سەرچاوەیەکی ئاگادر لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە ''زەمەن''ی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ یان سبەینێ ڕێکارەکانی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە تەواو دەکرێن و مووچە دەگاتە هەرێم.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٠ی ئایاری ٢٠٢٦، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، پاش ئەوەی هەرێمی کوردستان داهاتی نانەوتی ڕەوانەی بەغداد کرد، هەموو ئامادەکارییەک کراوە و هەموو پابەندییە داراییەکانیش جێبەجێکراون، ئەوەی ماوەتەوە ئەوەیە کە ئەمڕۆ یان سبەینێ ڕێکارەکانی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە تەواوبکرێن.
ئاماژەی بەوەشکرد، لیستی مووچە ئامادەیە و بانکەکانیش ئامادەن، ئەگەر سبەینێ وەزارەتی دارایی عێراق پارەکە بنێرێت، ئەوا ڕاستەوخۆ ڕۆژی سێشەممە مووچە دابەشدەکرێت.