چیمان لە رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەوانی دەوێ؟
01:50 - 03/05/2026
"زەمەن"
"هەرگیز دیموکراتییەکی تەواومان نابێت کاتێک کەرەستەکانی دەستکەوتنی زانیاری بەردەست نەبێت" نەتەوە یەکگرتووەکان بەم پەیامە ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەوانی کردەوە، هێشتاش ڕۆژنامەنوسانی هەرێم بە ئەستەم دەستیان بە سەرچاوەکانی زانیاری دەگات، نەک تەنها ئەوەش، بەڵکو ڕووبەڕووی مەترسی و هەڕەشەش دەبنەوە.
ساڵانە لە ٣ی ئایاردا نەتەوەیەکگرتووەکان ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەوانی دەکاتەوە و گرنگی دەستڕاگەیشتنی ڕۆژنامەنوسان و ئاڵنگارییەکانی بەردەمیان دەبێتە تێمای کارکردنی و بە سەدان بۆنە و چالاکی لە جیهاندا ڕێک دەخرێت، هەرێمی کوردستانیش ساڵانە بە چەندین چالاکی هەوڵدەدرێت ڕێگاکانی بەدەستهێنانی زانیاری فراوانبکرێت و فشارەکان بۆ جێبەجێکردنی یاسای بەدەستهێنانی زانیاری گەورەتر دەکرێت.
کەمال ڕەئوف، زیاتر لە 25 ساڵە لە میدیای "ئەهلی" دانەبڕاوە، ئەو بەردەوام پەنجەی لەگەڵ ئەو ئاستەنگانەدا نەرمکردووە کە دێنە بەردەم کارە ڕۆژنامەوانییەکان لە هەرێمی کوردستان، ئەو بە زەمەنی وت، هێشتا ڕۆژنامەنوسان ڕووبەڕووی مەترسی و هەڕەشەی تیرۆرکردنیش دەبنەوە، دەسەڵاتیش لە خەمی ڕۆژنامەنوساندا نییە.
ئێستا 34 ساڵ بەسەر دیاریکردنی ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەوانیدا تێدەپەڕێت، 34 ساڵیش بەسەر دەسەڵاتی کوردیدا، بەڵام وەک کەمال ڕەئوف دەڵیت، لە کوردستان ڕۆژنامەنوسان زۆر بە زەحمەت دەستی دەگات بە سەرچاوەی دروست بۆ ئەوەی زانیاری لێوەربگیرێ و دەسەڵاتیش ڕۆژنامەنوس وەک نەیاری خۆی تەماشا دەکات.
هێشتا ئامارەکانی توندوتیژی و ڕێگرییەکان لە بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان لە هەرێمی کوردستان بەرزە، کاروان ئەنوەر، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان پێیوایە "رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەنوسان بە پێچەوانەی جیهانەوە لە هەرێم وەک ڕۆژێکی ئاسایی تێدەپەڕێت، ئەمە جگە لەوەی بەردەوام ئازادی رۆژنامەنوس پێشێل دەکرێت، بە تایبەت لەلایەن خاوەن دەزگاو کەناڵەکانەوە، هەرکاتێک بیەوێت دەتوانێت رۆژنامەنوس بنێرێتەوە ماڵەوە، ئەمەش کێشەیەکی گەروەو پێشێلکردنی مافی ئازادی رۆژنامەنوسە."
ئەو بەرپرسەی سەندیکا، جەختیش دەکاتەوە کە کێشەکە تەنها دەستڕانەگەیشت نییە بە زانیاری، بەڵکو نەبونی میدیای نیشتیمانی و میدیایەک تەعبیر لە بیرو بۆچونی تاکی کۆمەڵگەی کوردی بکات، کێشەیەکی ترە لە رۆژنامەگەری کوردیدا پێویستە لەرۆژێکی وەک رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەنوسان باسبکرێت بۆ ئەوەی بەجدی بیر لەچارەسەرکردنی ئەو کێشانە بکرێتەوە.
سەنتەری میترۆ، کە ڕێکخراوێکی تایبەتمەندی بەرگریکردنە لە ئازادی ڕۆژنامەوانی، لە پەیامێکیشدا ڕوونیکردەوە سەرباری هەوڵی زۆرو فشاری مەدەنی تا ئێستا هەرێمی كوردستان وعێراق ژینگەیەكی لەبارە بۆ دەربازبونی كارەكتەرەكانی توندوتیژی بەرامبەر بە میدیاكاران، وەك چۆن بكوژانیش دەستی یاسا نایانگاتێ.
هاوکات دامەزراوەی میدیایی "زەمەن" هیواخوازە ئهم ساڵ و ساڵانی دواتریش مافهكانی رۆژنامهنوسان له كوردستاندا باشتر دهستهبهر بكرێت و پێشیل كارییهكانیش كهم و كهمتر بێتهوه بۆ بونیادنانی داهاتوویهكی جوانترو باشتر له وڵاتدا .