16 کوردستان

لێزمە باران و تەرزە دەستپێدەکات

02:33 - 26/04/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 کەشناسێک ڕایگەیاند: شەپۆلێکی بەهێزی هەورەبروسکە، لێزمەباران و تەرزە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پێشبینیش دەکرێت کاریگەرییەکانی لە ناوەندی پارێزگاکانی هەولێر، کەرکووک و ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیان بەهێزتر بێت.

 ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٦ی نیسانی ٢٠٢٦، ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی، لە نوێترین پێشبینییەکانیدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆدا ئەگەری تاوەبارانی کورتخایەن و هەورەبروسکە هەیە، بەڵام لە کاتەکانی شەودا و بەتایبەت لە نیوەشەو بۆ بەرەبەیانی سبەی دووشەممە، زنجیرەیەک کەڵەکە هەوری بەهێز لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە ڕوو لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن.

ئاماژەی بەوەش کردووە، لەو ماوەیەدا ئەگەری لێزمەباران، تەرزە و هەورەبروسکەی توند هەیە، کە زۆرترین کاریگەرییەکانی لە هەولێر، کەرکووک و گەرمیان دەبێت بەراورد بە ناوچەکانی دیکە.

ئەو شارەزایەی کەشناسی ڕوونیکردووەتەوە، کاریگەرییەکانی ئەو شەپۆلە لە بەیانیی ڕۆژی دووشەممەوە لاواز دەبێت و کەشوهەوا تا ڕادەیەک جێگیر دەبێتەوە، هەرچەندە ئەگەری تاوەباران و هەورەبروسکە لە هەندێک شوێندا دەمێنێت.

هاوکات پێشبینی دەکرێت بۆ ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممەی داهاتوو، جارێکی دیکە ناسەقامگیریی کەشوهەوا ناوچەکە بگرێتەوە و، شەپۆلێکی دیکەی هەورەبروسکە، تەرزە و لێزمەباران بە چڕی زۆربەی ناوچەکان بگرێتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن