مەسرور بارزانی: نابێت لە پرسی مووچەدا تەنیا کورد باجی نەبوونی پارەی کاش بدات
12:54 - 04/02/2026
زەمەن - هەواڵ
مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە پەراوێزی لوتکەی حکومەتەکان لە دوبەی، لە دیدارێکی کەناڵی رووداو ڕایگەیاند، ساڵێک زیاترە هەڵبژاردن کراوە تا ئێستا حکومەتمان پێکنەهێناوە، ئەگەرچی ویست و ڕەغبەتی ئێمە وەک پارتی ئەوەبوو دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان حکومەتی نوێی هەرێم پێکبهێنین، بەڵام لایەکانی دیکە وەک پێویست نەهاتنە پێشەوە.
وتیشی: لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەنگاوێکی زۆرمان بڕی، ئەجێندایەکی هاوبەشمان دانا، بەڵام بەداخەوە لەسەر هەندێک پۆست کە یەکێتی داوای دەکرد نەهاتنە پێشەوە و حکومەت دواکەوت.
باسی لەوەشکرد: پێویستە لایەنەکان رێز لە ئەنجامی هەڵبژاردن بگرن، مادام باوەڕوان بە هەڵبژاردن هەبووە و بەشداری پڕۆسەکەیان کردووە.
لە بارەی مووچەوە، مەسرور بارزانی وتی: بەشێکی زۆری بابەتی مووچە بەستراوەتەوە بە بەغداوە، لە ڕووی دەستووریەوە مافی خەڵکی کوردستانە کە شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێم بەردەوام بێت.
ئەوەشی باسکرد: نابێت کورد بە تەنیا باجی نەبوونی سیولە و خراپ ئیدارەدانی داهاتی عێراق بدات، هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بەغدا جێبەجێکردووە و چاوەڕوان دەکەین، بەغداش پرسی مووچە تێکەڵی بابەتە سیاسییەکان نەکات.