مەسرور بارزانی: دەبێت بەغداد گەرەنتی دوو مووچەکەی ساڵی پار و شایستە داراییەکانی هەرێم بکات
03:42 - 13/01/2026
زەمەن_هەواڵ
مەسرور بارزانی، لەگەڵ هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە و رایگەیاند: دەبێت بەغداد ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکات، بەردەوامیی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە، بە هەردوو مووچەی مانگەکانی ١١ و ١٢ی ساڵی ڕابردووەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، ١٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لە هەولێر لەگەڵ، جۆشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، کۆبووە و چەند تەوەرێک تاوتوێ کرا، لەوانەش، برەودانی زیاتر بە پەیوەندیی دوولایەنە، دۆخی گشتیی عێراق و دانوستان و گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ.
هاوکات، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی، لەسەر گرنگیی ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووری و فیدراڵیی هەرێمی کوردستان، دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، بەردەوامیی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە، بە هەردوو مووچەی مانگەکانی 11 و 12ی ساڵی ڕابردووەوە.
هاوکات، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هەرێم دووپات کردەوە و ئاماژەی دا بەوەی هەرێمی کوردستان هاوبەش و هاوپەیمانێکی بەهێز و گرنگی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا.