جگە لە هەولێر لە سلێمانیش سكاڵا لەسەر مەلا مەزهەر تۆماركرا
02:59 - 13/01/2026
زەمەن_هەوال
نوێنەرانی کۆمەڵێک لە پارێزەرانی شاری سلێمانی، بە فەرمی سکاڵای یاساییان لە دژی مەلا مەزهەر خۆراسانی، مامۆستای ئاینی تۆمار کرد، ئەوەش بەهۆی ئەو لێدوانانەی ناوبراو کە بە سووکایەتیکردن بە کچە شەڕڤانێکی ڕۆژئاوای کوردستان لێکدراوەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، ١٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، کۆمەڵێک لە پارێزەرانی سلێمانی، سکاڵای یاساییان، لەدژی (مەزهەر تاهیر خۆراسانی) مامۆستای ئاینی تۆمارکرد و رایانگەیاند؛ مەزهەر خۆراسانی بێڕێزیی بەرامبەر بە کچە شەڕڤانێکی ڕۆژئاوای کوردستان کردووە، و لە وتارەکانیدا ڕەوایەتی داوە بەو کردەوەیەی کە سووکایەتی بە تەرمی کچە شەهیدێک بکرێت، ئەمەش ناڕەزایەتیی لێکەوتووەتەوە.
نوێنەری پارێزەرەکان جەختی کردەوە کە ئەو قسانەی مەزهەر خۆراسانی کردوونی، بە پێچەوانەی هەموو ڕێسا و بەها ئاینییەکانە. ئەوان ئاماژەیان بەوە دا کە شەرعیەتدان بە سووکایەتیکردن بە تەرمی مرۆڤ لە هیچ ئاین و یاسایەکدا جێگەی نابێتەوە، بۆیە بڕیاریان داوە ڕێکاری یاسایی لە دژی بگرنەبەر.