15 کوردستان

بەپەلە.. ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی ئێران گەیشتە ٥٨٣ کەس

03:28 - 12/01/2026

زەمەن _هەواڵ

 

 خۆپیشاندانەکانی ئێران بەردەوامن و ژمارەی کوژراوانیش بۆ زیاتر لە ٥٣٨ کەس بەرزبووەوە.

 ئەمڕۆ دووشەممە، ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، ئاژانسی ھەواڵی چالاکانی مافی مرۆڤی ئێران (ھرانا) بڵاویکردەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی کە تا ئێستا لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا کە بە ھۆی دەربڕینی ناڕەزایەتییان دژ بە دۆخی ئابووری وڵاتەکە ڕژاونەتەوە سەر شەقامەکان کوژراون، بەرزبووەتەوە بۆ ٥٣٨ کەس.

ئاژانسەکە لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەداوە، خۆپیشاندانەکانی ئێران کە ماوەی دوو ھەفتەیە بەردەوامن، ٣١ پارێزگای ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە و ٤٨ ئەندامی هێزە ئەمنییەکانیش کوژراون.

جەخت لەوەش کراوەتەوە کە ھەر لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا تا ئێستا، ١٠ ھەزار و ٦٠٠ خۆپیشاندەر دەستگیر کراون.

تا ئێستا بەرپرسانی ئێران، ھیچ ئامارێکیان لەبارەی ژمارەی قوربانیان لە خۆپیشاندانەکاندا، بڵاو نەکردووەتەوە.

ڕۆژی شەممەی ڕابردوو ئاژانسی ھەواڵی چالاکانی مافی مرۆڤی ئێران کە ناوەندەکەیان لە شاری ڤێرجینیای ئەمریکایە، ڕایانگەیاندبوو لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا تا ئێستا، ٦٦ کەس کوژراون.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە ٢٨ی کانوونی یەکەمەوە، شەپۆلێکی خۆپیشاندان بە نیشانەی ناڕەزایەتی دژ بە خراپی دۆخی ئابووری و لەدەستدانی بەھای دراوی ئێرانی، لەو وڵاتە سەری ھەڵداوە و زۆربەی شارەکانی گرتووەتەوە کە تا ئێستا بەردەوامە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن