16وتار

شەهید؛ قوربانیی ئاوەزە بێدەنگەکەمان

1/12/2026 10:49:00 AM
یەڵدا هەرکی


کاتی ئەوە هاتووە شەهید لە ناو ئێمەدا بمرێت؛ چونکە دووبارەکردنەوەی ڕۆژانەی مەرگ لەناو ژیانێکی چەقبەستوودا، داستانێکی حەماسی نییە، بەڵکو تەنیا بەرگێکە بۆ داپۆشینی گەمژەیی و بێدەسەڵاتییە بەکۆمەڵەکەمان. کاتێک مەرگ دەبێتە تاکە دەستکەوتی نەتەوەیەک، ئەوە نیشانەی زیندوویی نییە، بەڵکو نیشانەی قبوڵکردنی فەنابوونە. ئەگەر شەهید لە خەیاڵدان و لە پیرۆزییە درۆینەکانماندا بمرێت، ڕەنگە ویژدانی خەوتوومان بەئاگا بێتەوە؛ تا پێش ئەوەی وێنەی بێڕێزیکردن بە ژن و پیاوانمان وەک بەڵگەی مەزڵومیەت بڵاو بکەینەوە، لە داخی بینینی ئەو سووکایەتییانە، لە ناوەوە بمرین و ڕاپەڕین.

ژمارەی شەهیدەکانمان لە درێژەی مێژوودا چیتر ئاسایی نییە. ئەم هەموو ڕووبارە خوێنەی ڕژاوە، دەبوو نەک تەنیا نەتەوەیەک، بەڵکو جیهانێک ڕزگار بکات. بەڵام کێشەکە لێرەدایە: ئێمە فێربووین خوێن بدەین بێ ئەوەی ئازادی وەربگرین. بێ‌دەنگیی مێژووییمان لە ئاست کارەساتی ئەنفال، بێ‌حورمەتکردنی کەرامەتی مرۆڤەکانمان و دەست‌درێژی بۆ سەر کچان و ژنان و تەنانەت پیاوانمان، تەنیا نەهامەتی نییە؛ بەڵکو نیشانەی کڕنۆشبردنی ئێمەیە بۆ ئاوەزێکی بێ‌غیرەت کە مەرگی پێ لە ژیانێکی پڕ لە کەرامەت لا پیرۆزترە.

لە کاتێکدا جیهان لە سەدەی بیست و یەکدا بەرەو لووتکەکانی زانست و مرۆڤایەتی هەنگاو دەنێت، ئێمە هێشتا لەناو بازنە داخراوەکانی خوێنی سەدەکانی نۆزدە و بیستدا دەخولێینەوە. ئێمە بووینەتە نەتەوەیەک کە تەنیا لە کاتی شیوەندا یەکدەگرین و لە کاتی ژیاندا لەبەر یەک هەڵدەوەشێین.

ئەگەر ئەمڕۆ باڵای ئەم "شەهیدە بەردەوامە" لە ناو خۆماندا نەبڕینەوە، مێژوومان تەنها دەبێتە میراتێکی پڕ لە شەرمەزاری بۆ نەوەکانی داهاتوومان.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن