14 کوردستان

پارێزەرەکەی: دۆسیەی لاهوور جەنگی دەگوازرێتەوە هەولێر

11:20 - 12/01/2026

زه‌مه‌ن – هه‌واڵ

 

 دواى نزیکەى پێنج مانگ لە دەستگیرکردنى، ئەمڕۆ یەکەم دانیشتنى دادگاییکردنى لاهور شێخ جەنگى لە دادگاى سلێمانى بەڕێوەچوو.

 بورهان رەشید گوڵە، پارێزەرى دۆسیەى لاهور شێخ جەنگى، ئاشكرایكرد لە دانیشتنەکەدا دادوەر بڕیاریدا بە ناردنى دۆسیەى لاهور شێخ جەنگى و 11 لە هاوەڵەکانى بۆ دادگاى تەمیزى هەرێمى کوردستان.
پارێزەری لاهوور شێخ جەنگی رایگەیاند: "ئەمڕۆ کاک لاهوور لەبەردەم دادوەر ئامادە بوو، لاهوور شێخ جەنگی خۆی لە سلێمانی دەمێنێتەوە، ئەوەی بڕیار دراوە تەنیا ناردنی فایلەکەیەتی بۆ هەولێر و لەوێ وردبینی دەکرێت و بڕیار دەدرێت".

وتیشى، تەنها لە دۆسیەى مادەى 56 کە لاهور شێخ جەنگى و هاوەڵەکانى پێ تۆمەتبارکراون، رەوانەى دادگاى تەمیزى هەرێمى کوردستان دەکرێت
شەوی 22ی ئابی 2025، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی، کە پێکهاتبوون لە هێزەکانی دژە تیرۆر، ئاسایش و کۆماندۆ، دوای ئەوەی لاهوور شێخ جەنگی رازینەبوو خۆی رادەست بکات، هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار، دوای سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و ئەندامانی هێزی چەکداری لاهوور شێخ جەنگی دەستگیرکران.

دواتر دەزگای ئاسایشی هەرێم-سلێمانی دانپێدانانی چەند کەسێکی بڵاوکردەوە و گوتیان، بە فەرمانی لاهوور شێخ جەنگی پلانی کوشتنی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان هەبووە و کاریان لەسەر کردووە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن