بەپەلە.. مەلا مەزهەر روبەڕووی یاسا دەکرێتەوە
03:22 - 12/01/2026
زەمەن_هەواڵ
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەبارەت بە لێدوانی مەلا مەزهەر، بەرامبەر بێڕێزیکردن بە ئافرەتان ڕایگەیاند: لە ڕێگەی داواکاری گشتییەوە ئەو کەیسە دەجوڵێنن و ناوبراو ڕووبەڕووی یاسا دەکەنەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، پەیامێکی سەبارەت بە وتەکانی دوێنێ (مەلا مەزهەر تاهیر خۆراسانی)، کە لە کەناڵێکی میدیایی بڵاوکراوەتەوە و بێڕێزییەکی زۆر بە ئافرەتان و ڕۆڵ و پێگەی ئافرەت دەکات، بڵاوکردەوە.
دەقی پەیامەکە؛
بەداخەوە مامۆستایەکی ئایینی لە شاری هەولێر، بە ناوی (مەلا مەزهەر تاهیر)، لە کەناڵێکی میدیایی لێدوانێکی بڵاوکردووەتەوە و بێڕێزییەکی زۆر بە ئافرەتان و ڕۆڵ و پێگەی ئافرەت دەکات. ناوبراو لە ڕوانگەیەکی تەسکەوە ڕۆڵی ئافرەتی کەم کردووەتەوە لە ماڵەوە و وەک خزمەتکارێک وێنای کردووە کە ئەرکەکەی تەنها لە ماڵەوەیە.
ئەو وتانەی ناوبراو بە تەواوی دژی بنەمای ئایینەکانە، وپێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤ و شکۆی ژنانە؛ بۆ ئەو مەبەستە دەستەی مافی مرۆڤ لە ڕێگەی داواکاری گشتییەوە ئەو کەیسە دەجوڵێنێت و ناوبراو ڕووبەڕووی یاسا دەکاتەوە لەبەر ئەوەی وتەکانی مەلا مەزهەر دژی ماددەی ١٤ی دستوری عێراقە کەئەم ماددەیە بەڕوونی باس لە ئەوە دەکات کە یەکسانی هەیە لەبەینی ژن و پیاو.
جگە لەوەش هیوادارین وەزارەتی ئەوقاف و یەکێتیی زانایان ڕێکاری پێویست بگرنە بەر بەرامبەر ئەو کەسانەی پێشێلکاری بەرامبەر خەڵک دەکەن لە ژێر ناوی ئایین و مینبەرەکانەوە.
بەتوندی دژی ئەو جۆرە لێدوانانەین و ئیدانەی دەکەین، بە ڕێزەوەش ڕۆڵی ژنان سەیر دەکەین و بەرز دەنرخێنین.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان
١٢ / ١ / ٢٠٢٦