جڤاتی نیشتمانی گۆڕان رەخنە لە نێچیرڤان بارزانی دەگرێت کە تەداخول لە کێشە ناوخۆییەکانی گۆڕان دەکات
06:46 - 25/12/2025
زەمەن - هەواڵ
جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند: پێویستە سەرۆکی هەرێم رێز لە قانون بگرێت و دەستێوەردان لە کاروباری گۆڕاندا نەکات و نەبێت بە فاکتەری ناکۆکی و پەرتەوازەیی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان، ڕوونکردنەوەیەکیان بۆڕای گشتی بڵاوکردووەتەوە و ڕەخنەی توند لە سەرۆکی هەرێم دەگرن و دەڵێن: دوێنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وەک نەریتی ساڵانە بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زاینی پیرۆزبایی لەپارت و لایەنە سیاسیەکان کردوە. جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان بەپێویستی دەزانێت کە وێڕای پیرۆزبای ساڵی نوێ، ئەم رونکردنەوەیە بۆ رای گشتی بڵاو بکاتەوە…
دەقی رونکردنەوەکە؛
رونکردنەوەیەک بۆ رای گشتی
دەزگا و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان
دوێنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وەک نەریتی ساڵانە بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زاینی پیرۆزبایی لەپارت و لایەنە سیاسیەکان کردوە. جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان بەپێویستی دەزانێت کە وێڕای پیرۆزبای ساڵی نوێ، ئەم رونکردنەوەیە بۆ رای گشتی بڵاو بکاتەوە پەیوەست بەو مامەڵەیەی سەرۆکایەتی هەرێم لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان دوبارەیکردوەتەوە.
پێویست بوو بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاگادار بێت کە لە رێکەوتی ١٣ی ٤ی ٢٠٢٥ لەسەر بنەمای یاسا و بڕیاری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و و فەرمانگەی پارت و رێکخراوە سیاسیەکان ئەو کەسانە هیچ سیفەتێکی قانونی و رێکخراوەییان لە بزوتنەوەی گۆڕاندا نیە ونوێنەرایەتی گۆڕان ناکەن. تەنانەت خۆیان لە بەردەم هەموو کەناڵەکاندا بە ئاشکرا گووتیان تا ئەنجامدانی کۆنفرانسی نیشتیمانی رێکخەر نین.
ئەمکارە دەستێوەردانی راستەوخۆیە لە کاروباری ناوخۆیی گۆڕان و لایەنگرییە لە گروپێکی لادەر لەدەستوری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان. پێویستە سەرۆکی هەرێم رێز لە قانون بگرێت و دەستێوەردان لە کاروباری گۆڕاندا نەکات و نەبێت بە فاکتەری ناکۆکی و پەرتەوازەیی.
هەمووان دەزانن کە ساڵی رابردوو بەهۆی خواستی دەستبەسەرداگرتن و دوور لە بنەماکانی دیموکراسی و پێشێلکردنی زەقی دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ شەش مانگ کەسێک بریکارنامەی بۆ کرایەوە. ئەو ماوەیە لە ١٣ی ٤ی ٢٠٢٥ بە قانون کۆتایهاتووە. .
داوا دەکەین دامەزراوە فەرمیەکانی هەرێمی کوردستان نەبنە بەشێک لەکێشەکان و وەک دامەزراوەی حزبی بەکارنەهێنرێن بۆ دەستێوەردان لە کاروباری پارتە سیاسیەکان.
جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان
٢٥ی ١٢ی ٢٠٢٥