465 جیهان

ئەمریکا: گومان دەکەین ڤاکسینی کۆڕۆنا هۆکاری گیانلەدەستدانی زۆر کەس بووبێت

04:43 - 11/12/2025

زەمەن _ جیهانی

 

 ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکی (FDA) دووبارە کردنەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوە لەو گیانلەدەستدانانەی ڕەنگە پەیوەندییان بە ڤاکسینەکانی کۆڤید-19ـەوە هەبێت ڕاگەیاند، ئەم ڕاگەیەندراوە جارێکی دیکە مشتومڕی لەسەر دۆسیەی سەلامەتی هێنایەوە بەرباس، بەتایبەتی کە پێداچوونەوەکە توێژە تەمەنییە جیاوازەکان دەگرێتەوە.

 ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١١ی کانونی یەکەمی، ٢٠٢٥، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی و خزمەتگوزارییە مرۆییەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند: ئیدارەی خۆراک و دەرمان لە چوارچێوەی پێداچوونەوە بە ڕێکارەکانی سەلامەتیی، لێکۆڵینەوە لەو گیانلەدەستدانانە دەکات کە ئەگەری هەیە پەیوەندییان بە ڤاکسینەکانی کۆڤید-19ـەوە هەبێت لە تەمەنی جیاوازدا.

هاوکات، پێشتر مارتی ماکاری، کۆمیسیاری ئیدارەی خۆراک و دەرمان ڕایگەیاندبوو کە ئیدارەکە بەدواداچوون بۆ ئەم گیانلەدەستدانانە دەکات لەنێو گەنجاندا.

ئەم ڕاگەیەندراوە لە کاتێکدایە کە سیاسەتی تەندروستی  ئەمەریکا گۆڕانکاریی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت، ناوەندە پزیشکییەکان چاوەڕوانی ئەنجامی ئەم پێداچوونەوە فراوانانەن کە پەیوەندیی بە یەکێک لە هەستیارترین دۆسییەکان هەیە لە سەرەتای سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆناوە.

ڤینای براساد، گەورە بەرپرسی پزیشکی و زانستی لە ئیدارەکە، مانگی ڕابردوو لە یاداشتێکدا کارمەندانی ئاگادارکردەوە کە ڕەنگە ڤاکسینەکانی کۆڤید هۆکار بووبن بۆ گیانلەدەستدانی بەلایەنی کەمەوە 10 منداڵ بەهۆی هەوکردنی دڵەوە، هەروەها پلانی بۆ توندکردنەوەی چاودێری لەسەر ڤاکسینەکان ڕاگەیاند.

بە پشت بەستن بە شیکارییەکی سەرەتایی بۆ 96 حاڵەتی گیانلەدەستدان، کە لەنێوان ساڵانی 2021  بۆ 2024 ئەنجامدراوە، هێشتا یاداشتەکە باری تەندروستی ئەو منداڵانەیان ئاشکرا نەکردووە و ئەنجامەکان لە هیچ گۆڤارێکی پزیشکی خاوەن پێداچوونەوەی زانستی بڵاو نەکراوەتەوە.

هەروەها کۆمپانیای"مۆدێرنا" جەختی کردەوە، هیچ نیگەرانییەکی نوێ سەبارەت بە سەلامەتی منداڵان یان ژنانی دووگیان نییە پەیوەست بە ڤاکسینی (Spikevax)ی کۆڤید-19 کە لەسەر بنەمای "mRNA"  دروستکراوە.

بە هەمان شێوە، کۆمپانیای "فایزەر" جەختی لە سەلامەتی و کاریگەریی ڤاکسینێکی دیکەی کۆڤید کردەوە کە پشت بە تەکنەلۆژیای "mRNA" دەبەستێت و لەگەڵ هاوبەشەکەی "بیۆنتێک" دەیخاتە بازاڕەوە.

ڕۆبەرت ئێف کەنەدی جونیۆر، وەزیری تەندروستی ئەمەریکا، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە سیاسەتی حکوومەتدا کرد سەبارەت بە ڤاکسینەکانی کۆڤید، بەشێوەیەک کە دەستگەیشتن بە ڤاکسینەکەی سنووردار کرد بۆ ئەوانەی تەمەنیان 65 ساڵ یان زیاترە، هەروەها بۆ ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن