9 عیراق

سونەکان هاوپەیمانیتییەکی گەورەیان پێکهێنا

08:49 - 23/11/2025

زەمەن پرێس:
حزبی تەقدوم و هاوپەیمانيەكانى سیادەو عەزم و حەسم و جەماهیر، پێکهێنانی ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانییان راگەیاند، ئەوەش دوای کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەو هێزە سیاسیانە، کە لە هەڵبژاردنەکاندا کورسییان بەدەستهێناوە لە ماڵی خەمیس خەنجەر .
ئەنجومەنەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە: لە سۆنگەی بە بەرپرسیارێتی نیشتمانی و هەستکردن بە قەبارەی ئەو ئاڵنگارییانەى کە لەم کاتە هەستیارەدا روبەڕوی وڵات بووەتەوە، سەرکردەکانی هاوپەیمانی و حزبە سونییە براوەكان هەڵبژاردنەکاندا، ئەمڕۆ لەسەر دەستپێشخەری و بانگهێشتی خەمیس خەنجەر کۆبونەوەیەکی فراوانیان لە بەغداد ئەنجامدا.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: ئامادەبووان باسیان لە پێشهاتە سیاسییە جیاوازەکان کردووەو هەڵوەستەیان لەسەر سروشتی ئەو ئاڵنگارییانەی بەردەم وڵات بەگشتی و پارێزگاکانی خۆیان بەتایبەتی كردووە، جەختیان لە گرنگی یەکخستنی هەوڵەکان و کارکردن بە دیدێکی هاوبەش كردووەتەوە، بۆ پاراستنی سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی و گەرەنتیکردنی مافە دەستورییەکان و بەهێزكردنی نوێنەرایەتی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.
حزب و هاوپەیمانیە بەشدارەكان رێککەوتون لەسەر پێکهێنانی ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانی وەک چەتری كۆكەرەوە، كە هەڵوێستەکان هەماهەنگ دەکات، دیدگا و بڕیارەکان سەبارەت بە پرسە نیشتمانییە گەورە جۆراوجۆرەکان یەکدەخات، كاری هاوبەش لەنێوان سەرکردەکان و كوتلە سیاسیەكان بەهێز دەکات بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی بکات، رێککەوتنیش كراوە لەسەر ئەوەى نجومەكە بە درێژایی خولی شەشەمی پەرلەمان کۆبونەوەی خولیی ئاسایی ئەنجام دەدات.
بەگوێرەی بەیاننامەکە، ئامادەبووان دووپاتیان کردۆتەوە، ئەنجومەنەکە کراوە دەبێت بەڕووی هەموو هاوبەشە نیشتمانییەکان و پابەند دەبێت بەو پرەنسیپە بنچینەییانەی کە یەکێتی و سەقامگیری عێراق دەپارێزن، هەروەها مافی هەموو پێکهاتەکانی دەپارێزن بەبێ جیاوازی، لەسەر بنەمای دیدێکی نیشتمانی بە ئامانجی بونیادنانی دەوڵەتێکی بەهێز و دادپەروەر بۆ هەمووان.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن