ئاری جوانەمەرگ کرا بە شەهید
02:51 - 24/11/2025
زەمەن _ هەواڵ
پارێزگاری هەڵەبجە ڕایگەیاند: ئەو گەنجەی لە کاتی هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکەی ئابی ئەم ساڵ سووتا و گیانی لەدەستدا، بە "شەهید" هەژمار دەکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای بەدواداچوونێکی "چڕ" و پەیوەندیکردنی بەردەوام لەلایەن نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە فەرمانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیاردرا بە "هەژمارکردنی خوا لێخۆشبوو وەک شەهید".
پارێزگاری هەڵەبجە دەشڵێت: "بە شەهید ناساندنی شەهید ئاری، کەمترین رێزو وەفایە کە دەتوانین پێشکەش بە قوربانیدانە گەورەکەی بکەین و ئەم هەنگاوە، نیشانەی بەهەند وەرگرتنی خوێنی ئەو رۆڵە قارەمانانەیە کە لەپێناو پاراستنی خاک و ژینگەی نیشتمانەکەیاندا، گیانی خۆیان دەبەخشن".
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی ١٦ی ئابی ٢٠٢٥، ئاگرێکی گەورە لە ناوچەی کۆکۆیی لە پارێزگای هەڵەبجە کەوتەوە، دوای دوو رۆژ هاونیشتمانییەک بە ناوی ئاری موختار جەمال لە کاتی هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە سووتا و گیانی لەدەستدا.