داشکاندن درێژکرایەوە
03:32 - 24/11/2025
زەمەن _ هەرێمی کوردستان
بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ ڕایگەیاند: ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاریدا دەرفەتێکی دیکە بەو هاوڵاتیانە بدات کە تاکو ئێستا پێوەری ئاویان نەبەستووە، داشکانیان بۆ بکرێت لەکاتێکدا ئەگەر پێوەری ئاو ببەستن و ببنە هاوبەشی فەرمی.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، بریارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانیان بەدەست گەیشتووە بۆ ئەو هاوڵاتییانەی کە پێوەری ئاویان نەبەستبوو یاخود هاوبەشیان نەبوو، بەپێی ئەم بڕیارە هەر هاووڵاتییەکی دانیشتووی سەنتەری شارە گەورەکان کرێی پێشووی ئاویان کە مانگانە ٨٠ هەزار دینار یاخود ٤٥ هەزار دینار بووە، کەم کرایەوە بۆ ٢٠ هەزار دینار.
بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ ئاماژەی بەوەشدا، ئەوانەی لە دەرەوەی شارەکانن، لە قەزا و ناحییەکان، هەردوو بڕە پارەکە کەمکرایەوە بۆ ١٠ هەزار دینار.
دەشڵێت: ئەم بڕیارە زۆر یارمەتیدەر دەبێت بۆ هاووڵاتیان و پاڵپشتیەکی زۆر باشە بۆیان کە لەگەڵ دۆخی داراییان دەگونجێت.
ئاری ئەحمەد باسی لەوەشکرد، کە ئەو داشکانە لە ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ دەستپێدەکات تاکوو ١ی نیسانی ٢٠٢٦.