16 کوردستان

وەزارەتی کار: هەر کرێکارێک دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ نەکراوە، با سکاڵا تۆمار بکات

03:08 - 24/11/2025

زەمەن _ هەرێمی کوردستان

 

 وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند: ئەو کرێکارانەی دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ نەکراوە دەتوانن سکاڵا تۆماربکەن و دەبێت 17%ی مووچەکانیان بۆ بکرێتە دەستەبەری کۆمەڵایەتی.

 

 ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێم ئاشکرایکرد، "هەموو کرێکارێکی کەرتی تایبەت دەبێت دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ بکرێت، ژینگەپارێزارانیش سوودمەندن لەم بابەتە و دەبێت دەستەبەریان بۆ بکرێت، ئێمە لیژنەی بەدواداچوونمان هەیە، ئەگەر شوێنێک دەستبەری بۆ کرێکارانی نەکردبێت، رێکاری بەرامبەر دەگیرێتەبەر، بەڵام زۆرجار دەکرێت ئاگاداری هەموو شوێنێک نەبین، بۆیە هەر کرێکارێک دەستەبەری بۆ نەکراوە و مافی خوراوە، دەتوانێت پەیوەندی بە هێڵی گەرمەوە بکات کە '٥٥٠٠'ـە، یان لە دادگای کار سکاڵا تۆمار بکات."

دەشڵێت: ئەو خاوەنکارانەی مافی کرێکارەکانیان وەک پێویست نادەن، رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە و بەپێبژاردن سزادەدرێن و پابەند دەکرێن بە جێبەجێکردنی یاساکە و دابینکردنی مافەکانیان.

ئاریان ئەحمەد ئاماژەی بەوەشدا، "بەپێی نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران نابێت کرێی کرێکاران لە ٤٥٠ هەزار دینار کەمتر بێت؛ بەڵام دەکرێت کۆمپانیاکان گرێبەستیان کردبێت، تاوەکو گرێبەستەکە تەواو دەبێت، بڕیارە نوێیەکە جێبەجێ ناکرێت."

ئەمە لە کاتێکدایە، لە ٣ی ئابی ٢٠٢٥، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم نوراوێکی دەرکرد، کە تێیدا هاتبوو، " کەمترین کرێی کرێکارانی ناکارامە نابێت لە ٤٥٠ هەزار دینار کەمتر بێت، ئەوانەش کە بە رۆژانە کاردەکەن نابێت کرێی رۆژانەیان لە ١٥ هەزار دینار کەمتر بێت."

سەبارەت بە خانەنشینبوونی ژینگەپارێزان، وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بای لەوەشکرد، "ژینگەپارێزان مافی خانەنشینبوونیان هەیە، بەڵام دەبێت ٢٠ ساڵ خزمەتیان هەبێت، تەمەنیان بۆ پیاو ٦٠ ساڵ و بۆ ژنان ٥٥ ساڵ بێت و دەستەبەری کۆمەڵایەتیشیان هەبێت، لەکاتی خانەنشینبوونیان، ٨٠٪ی مووچەکەی خۆیان وەردەگرن."

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن