159 کوردستان

كۆمەڵی دادگەریی بە دروشمی (لەگەڵتاندا ڕاستگۆین) بانگەشە دەست پێ بكات

08:35 - 04/10/2025

زەمەن پرێس:
كۆمەڵی دادگەریی كوردستان بڕیاریدا بە دروشمی (لەگەڵتاندا ڕاستگۆین) لە هەفتەی ‏ئایندەوە هەڵمەتی بانگەشەی خۆی بە فەرمی دەست پێ بكات.
سەركردایەتیی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجامداو درووشمی حزبەکەی بۆ هەلبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق دیاری کرد و دەڵێت: كۆمەڵی دادگەریی كوردستان بڕیاریدا بە دروشمی (لەگەڵتاندا ڕاستگۆین) لە هەفتەی ‏ئایندەوە هەڵمەتی بانگەشەی خۆی بە فەرمی دەست پێ بكات.
لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە: ئەمڕۆ شەممە لە شاری هەولێر، سەركردایەتیی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان بە سەرپەرشتیی بەڕێز مامۆستا عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان، كۆبوونەوەی ‏نائاسایی بەڕێوە برد. لە كۆبوونەوەكەدا سەركردایەتیی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان ‏هەڵوەستەی لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە كرد:‏
‏کۆمەڵی دادگەری دەڵێت: سەركردایەتیی كۆمەڵ بە نیگەرانییەوە لە دۆخی ئابووری و دارایی ‏خەڵکی هەرێمی كوردستان دەڕوانێت، بەتایبەت دواخستنی ناردنی (١٢٠ ملیار) دینار لە داهاتی ناوخۆ بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ كە بووەتە هۆی دواكەوتنی مووچەی مانگی هەشت و مانگەکانی دواتری مووچەخۆران کە بێجگە لەوەی ستەمە لە مووچەخۆران بووەتە هۆی خراپیی دۆخی بازاڕ و ژیان و گوزەرانی خەڵکیش بەشێوەیەکی گشتی.
‏ئاماژەی بەوەشکردوە، سەركردایەتیی كۆمەڵی دادگەریی هیوای خواست هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ‏عێراق لە وادەی خۆیدا بەڕێوە بچێت و هەموو لایەنەكان پابەندی یاسا و ڕێنماییەكانی ‏كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بن و هەڵمەتێكی ئارام بەڕێوە بەرن.‏
‏ كۆمەڵی داگەریی كوردستان دژی بەكارهێنانی سەروەرت و سامانی گشتییە بۆ بانگەشە ‏لەلایەن لایەنەكانی دەسەڵاتەوە، پێی وایە ئەمە دوو جار ستەمە لە خەڵكی كوردستان، ‏جارێك خراپ سوودوەرگرتن و جارێكیش بەكارهێنانی ماڵ و دارایی گشتیی بۆ ‏چەواشەكردنی دەنگدەران.
‏لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە، كۆمەڵی دادگەریی كوردستان بڕیاریدا بە دروشمی (لەگەڵتاندا ڕاستگۆین) لە هەفتەی ‏ئایندەوە هەڵمەتی بانگەشەی خۆی بە فەرمی دەست پێ بكات، بۆیە داوا لە ئەندام و ‏لایەنگرانمان دەكەین بە گیانێكی مسوڵمانانە و نیشتمانییانە هەڵمەتی ‏بانگەشەی لیستی (285)ی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان بەڕێوە بەرن.‏
‏هەروەها سەركردایەتیی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان داوا لە هاووڵاتیانی كوردستان دەكات ‏هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەرفەت بزانن بۆ سزادانی ئەوانەی ‏نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستانیان بۆ بەرژەوندیی حزبی خۆیان بەكار هێناوەو لە ساڵانی ‏ڕابردوودا نەیانتوانیوە مووچە و مافە دارایی و ئابووری و نیشتمانییەكانی خەڵكی ‏كوردستان دەستبەر بكەن.‏
لە کۆتاییدا کۆمەڵی دادگەری جەختی لەوە کردوەتەوە، كۆمەڵی دادگەریی كوردستان پشتگیری لە هەر ڕێككەوتنێك دەكات ببێتە هۆی لادانی ‏ستەم لەسەر گەلی فەڵەستین و دابنیكردنی مافە ڕەواكانیان.‏

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن