سەرۆکی لیستی پارتی لە سلێمانی: ئەوەی گرنگە سەرکەوتنی کوردستان و خەڵکی کوردستانە
02:56 - 04/10/2025
زەمەن:-
پارتی دیموکراتی کوردستان بە لیستی ژمارە ٢٧٥ دەستی بە بانگەشە بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کردووە، سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە سلێمانی دەڵێ، بەڵێن بە خەڵک دەدەین چۆن لە ڕابردوودا بەرگریمان لە مافی خەڵک کردووە، لە ئێستاو داھاتووشدا بە ھەمان شێوە بەردەوام دەبین.
د. ئەشواق جاف، کاندیدی ژمارە یەک و سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، هیوادارین بانگەشەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ھێمنانە بەڕێوە بچێت و دوای تەواوبوونی ئەم پرۆسەیەش، لایەنەکان بە یەکدەنگی بچنە بەغدا بۆ بەدەستھێنانی مافی خەڵکی کوردستان.
ئەشواق جاف دەشڵێ، ئەوەی گرنگە، سەرکەوتنی کوردستان و خەڵکی کوردستانە، بۆیە پێویستە پێکەوە و بە یەک دەست خەبات بۆ مافی خەڵک و جێبەجێکردنی دەستوور و یاسا بکەین، لەبەر ئەوەی مافی خەڵکی کوردستان له ناو دەستوور چەسپاوە.
د. ئەشواق جاف هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ھەموو خەڵکی کوردستان دەزانن پارتی دیموکراتی کوردستان پڕۆژەکانی لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستاندایە و هەمیشەش لە سەنگەری بەرگریکردن لە مافی خەڵک بووە و بەردەوامیش بەرگری لە قەوارەی ھەرێمی کوردستان کردووە، بۆیە پارتی پێشوازییەکی باشی لێ دەکرێت لە سەرجەم کاندیدانی و بەڵێنیش دەدەین هەروەکچۆن لە رابردوودا بەرگریکارێکی ڕاستەقینە بووین، لە ئێستا و داھاتووشدا بەرگری لە مافەکانیان دەکەین.