22 کوردستان

وەزارەتی نەوتی عێراق: ملیۆنێک بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستانمان وەرگرتووە

01:11 - 04/10/2025

زەمەن _ هەواڵ

 

 حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق ئاشکرایکرد، تاوەکو ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستانیان وەرگرتووە و یەکەم باریش لە بەندەری جەیهانەوە هەناردە کراوە.

 ئەمڕۆ شەممە، ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، وەزیری نەوتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاندووە، "یەکەم بارە نەوتی هەرێمی کوردستان، لەڕێگەی کەشتییەوە بارکراوە، کە بڕەکەی ٦٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بووە و بە ئاڕاستەی ئەو لایەنەی گرێبەستی کڕینی لەگەڵدا کراوە، بەڕێکەوتووە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمە یەکەمجارە حکومەتی فیدراڵی نەوتی هەرێمی کوردستان وەربگرێت و هەناردەی بکات، ئەو هەنگاوەشی بە "دەستکەوت بۆ بەغدا و هەولێر" ناوبرد.

ئەمە لە کاتێکدایە، دوای زیاتر لە ٣٠ مانگ لە راگرتنی، رۆژی ٢٧ـی مانگی ئەیلولی رابردوو، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دەستیپێکردەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن