مانگی داهاتوو پڕکردنەوەی فۆڕمی خۆراک بۆ زیادکردنی منداڵ و ئەوانەیە کە کارتی نیشتمانیان نەبووە
01:47 - 29/09/2025
زەمەن _ هەرێمی کوردستان
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی خۆراكی هەرێم ڕایگەیاند: لە سێی ئەیلولەوە قۆناغی یەكەمی پسووڵەی ئەلیكترۆنی خۆراك ڕاگیراوە و لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە قۆناغی دووەم دەستپێدەكات.
ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٩ی ئەیلولی ٢٠٢٥، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی خۆراكی هەرێم ئاشکرایکرد، و لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە قۆناغی دووەمی پسووڵەی ئەلیكترۆنی خۆراك دەستپێدەكات، کە تایبەتە بە زیادكردن و كەم كردنی منداڵ، كە لە قۆناغی یەكەم تۆمار نەكراون یان دواتر لەدایكبوون، هەروەها پڕۆسەی گواستنەوەی پسووڵەی خۆراك لە شارێكەوە بۆ شارێكی دیكە یان لە بریكارێكەوە بۆ بریكارێكی دیكە لەگەڵ بابەتی هاوسەرگیری و جیاكردنەوەی خانە.
وتیشی: ئەوەی بێ بەش بووە لە بەشەخۆراك بەهۆی ئەوەی فۆڕمی ئەلیكترۆنی پڕنەكردۆتەوە ئەوە قەرەبوو ناكرێتەوە، بەڵام لە قۆناغی دووەمدا ئەوانەی فۆڕمەكەیان پڕنەكردۆتەوە بەهۆی ئەوەی لە دەرەوەی وڵات بوون یان كارتی نیشتمانییان نەبووە یان بە هەر هۆكارێك ئەوا دەتوانن فۆڕمەكە پڕبكەنەوە.
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی خۆراکی هەرێم ئاماژەی بەوەشدا، لە دابەشكردنی بەشەخۆراك و ئارد لە ئێستادا بەردەوامین و لە ئێستادا بەشەخۆراكی شەشەمی ئەمساڵ دابەش دەكرێت و ئاردیش بەشی هەشتەم دەستی پێكردووە.