286 کوردستان

خالید شوانی: ناکرێت سلێمانی کۆبوونەوەیەکی پاشماوەکانی بەعسییەکان لەخۆبگرێت

03:31 - 30/09/2025

زەمەن _ هەواڵ

 

 خالید شوانی ڕەتیدەکاتەوە کە بەعسییەکان لەخۆ بگرن یاخود پشتیوانییان بکەن و ئەو کۆبوونەوەیەش کە لە سلێمانی کردوویانە بە “کەلێنی ئەمنی” ناودەبات، سەبارەت بە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمیش دەڵێت: “ئەگەر حکومەت بەو شێوەیە نەبێت کە ئێمە دەمانەوێت، بە ئاسانی پێک نایەت”.

 ئەمڕۆ سێشەممە، ٣٠ی ئەیلولی ٢٠٢٥، خالید شوانی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە هاوکات وەزیری دادی عێراقە، لە چاوپێکەتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی عەهد ڕایگەیاند: ناکرێت سلێمانی کۆبوونەوەیەکی پاشماوەکانی بەعسییەکان لەخۆبگرێت یاخود پشتیوانی و پشتگیریان بکات و پێدەچێت هەندێک کەلێنی ئەمنی ڕوو بدات و کۆبوونەوەی بەعسییەکان بە بێ ئاگاداری و زانیاری دەسەڵات کرابێت، هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی هەبوو و کارمان کرد بۆ لەناوبردنیان، بەڵام بە هۆی دواکەوتن و هەندێک شتەوە لەدەستگیرکردن دەربازیان بوو”.

ئەم لێدوانەی خالید شوانی دوای ئەوە هات کە مانگی حوزەیرانی ڕابردوو بڵاوکرایەوە کە بەعسییەکان لە سلێمانی کۆبوونەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەیدا، خالید شوانی دەربارەی هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، یەکێتی دەیەوێت لەسەر هەموو ئاستەکانی سیاسی و ئابووری و ئەمنی و سەربازی و پەیوەندییەکانی دەرەوەدا و ناو حکومەتدا هاوبەشێکی ڕاستەقینە بێت.

وتیشی: “ئەگەر حکومەت بەو شێوەیە نەبێت کە ئێمە دەمانەوێت، بە ئاسانی پێک نایەت”.

سەبارەت بە پۆستەکانیش خالید شوانی ڕایگەیاند، ئەگەر وەزارەتی ناوخۆ و ڕاوێژکاری ئاسایشی هەرێممان نەدەنێ‌ و هێڵی سووریش هەبێت لەسەر هەندێک کەس بۆ وەرگرتنی هەندێک پۆست، ئەمە چ جۆرە هاوبەشییەکە؟”.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن