124 جیهان

ئەحمەد شەرع: مانەوەی هێزەكانی (هەسەدە) مەترسی لەسەر عێراق و توركیا و سوریا دەكات

10:02 - 22/09/2025

زەمەن پرێس:
ئەحمەد شەرع سەرۆكی کاتی سوریا لە پەراوێزی سەردانەكەیدا بۆ نیویۆرك بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند:سوریا پێویستی بە دەرفەتێكی نوێ هەیە بۆ ژیان، سەرۆك ترەمپ سزاكانی لەسەر هەڵگرت، دەبێت كۆنگرێس كار بكات بۆ ئەوەی بەیەكجاری سزاكان لاببات.
ئاماژەى بەوەشکردوە، كەوتنی رژێم دەرگای قۆناغێكی مێژوویی نوێی بۆ ناوچەكە كردەوەو، ئەمڕۆ بەرژەوەندی هاوتا لەنێوان سوریاو خۆرئاواو ویلایەتە یەكگرتووەكاندا هەیە.
شەرع دەشڵێت: سوریا لە 60 ساڵی رابردوودا ئاڵۆزی زۆری بۆ بەجێماوەو ناتوانین بە یەكجار كێشەكان چارەسەر بكەین، كۆنترۆڵی چەك بە تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا، سوریا دەپارێزێت لە ململانێ و ئاڵۆزیی.
سەبارەت بە ڕێکەوتنیشیان لەگەل هەسەدە، ئەحمەد شەرع وتی: پێشنیارمان بۆ هێزەكانی سوریا دیموكرات (هەسەدە) كردووە لەگەڵ سوپای سوریا تێكەڵ ببێت بۆ سودوەرگرتن لە شارەزاییان، بەڵام دواكەوتن هەیە لە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە لەگەڵ (هەسەدە).
سەرۆکی کاتى سوریا باسی لەوە کرد، مافەكانی كورد لە سوریا بەپێی دەستور پارێزراوە، مانەوەی هێزەكانی (هەسەدە) لە باكوری خۆرهەڵاتی سوریا عێراق و توركیاو سوریا روبەڕووی مەترسی دەكاتەوە.
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، سوریا دەوڵەتی یاسایەو بە یەك مەودا لە هەموو هاوڵاتیانی سورییەوە رادەوەستێت، پێویستە بگەینە چارەسەری ئاشتیانەو خێرا بەتایبەت رێككەوتنەكە لەگەڵ (هەسەدە)دا.
لەبارەی ئیسرائیلیشەوە، ئەحمەد شەرع ئاشکرای کرد، كار بۆ هێوركردنەوە دەكەین لەگەڵ ئیسرائیل، دەكرێت لەدوای رێككەوتنی ئەمنیی، باس لە پەیوەندی ئایندەمان لەگەڵ ئیسرائیل بكەین، خاكی سوریا نابێت بە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ كەس، دیمەشق نایەوێت بچێتە جەنگەوە لەگەڵ ئیسرائیل و دانوستان هەیە بۆ گەڕانەوە بۆ رێككەوتنی 1974.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن