55 ئابوری

ڕاگەیێندراوێک لەوەزارەتی دارایی لەبارەی بانکی بازرگانی عێراقی (تی بی ئای)

07:53 - 07/09/2025

زەمەن پرێس:
وەزارەتی دارایی و ئابووری نیگەرانە لەبارەی ئەو زەحمەتییانەی هاتبووە بەردەم هاوڵاتییانی شاری سلێمانی لەکاتی وەرگرتنی مووچەکانیان بەهۆی دواکەوتنی کارەکانی بانکی بازرگانی عێراقی (تی بی ئای).
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئەم مانگە، نزیکەی 24,000 مووچەخۆر مووچەکانیان لەڕێگەی تی بی ئایەوە وەردەگرن. لەنێوان 1 تاکو 3ـی ئەیلوول، حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 27 ملیار دیناری گواستۆتەوە بۆ بانکی تی بی ئای بە مەبەستی دابەشکردنیان بەسەر تەواوی مووچەخۆرانی بانکی ناوبراو.
وەزارەتی دارایی و ئابووری داوا لە بانکی تی بی ئای دەکات، وەک تاکە بانکی حکومی پڕۆژەکە، ڕێز لە ئەرکەکانی گرێبەستەکەی لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من بگرێت، ئەمەش دابینکردنی ستافی پێویست و تیمی پێویستی پڕکردنەوەی ئامێرەکانی پارە دەگرێتەوە لە هەرێمی کوردستان بە گشتی، و شاری سلێمانی بەتایبەتی.
بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەم دۆخەی ئێستا، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە لقەکانی بانکی تی بی ئای و ستافەکەی دەکات کە زیاتر لە کاتی ئاسایی دەوامەکانیان کاربکەن تا دڵنیا دەبنەوە لەوەی تەواوی هاوڵاتییان بەبێ کێشە دەستییان بە مووچەکانیان دەگات. هەروەها تی بی ئای دەبێت وەبەرهێنانی زیاتر بکات لە ژێرخانەکەی تاکو ڕێگری بکات لە دووبارەبوونەوەی حاڵەتی لەمشێوەیە.
وەزارەتی دارایی جەختیکردەوە، بەردەوام دەبێت لە کارکردنی لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق و تەواوی بانکە بەشداربووەکان بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییە بانکیەکان بەشێوەیەکی بەردەوام و سەردەمییانە لە پڕۆژەی هەژماری من پێشکەشی تەواوی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بکات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن