359 کوردستان

قوباد تاڵەبانی: رێگە بە یاساشکێنی و دروستبوونی گرووپی چەکدار لە دەرەوەی یاسا نادرێت

07:17 - 02/09/2025

زەمەن پرێس:
جێگری سەرۆک وەزیرانى هەرێم رایدەگەیەنێت، وتیشی: بە هەمان شێوەی وڵاتانی دیموکراسیش رێگە بە یاساشکێنی و دروستبوونی گرووپی چەکدار لە دەرەوەی یاسا نادرێت.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکانم لەگەڵ پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەڕەنسا و ئەندرۆ بیزلی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێم جارێکی دیکە جەختمان کردەوە سلێمانی وەک هەمیشە بە شاری ئازادیی کاری سیاسی و ئازادیی رادەربڕین دەمێنێتەوە.
وتیشی: بە هەمان شێوەی وڵاتانی دیموکراسیش رێگە بە یاساشکێنی و دروستبوونی گرووپی چەکدار لە دەرەوەی یاسا نادرێت.
تاڵەبانی جەختیکردەوە، سوورن لەسەر چەسپاندنی سەروەریی یاسا و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگا و لە هەمانکاتیشدا مافی یاسایی هەموو تۆمەتبارێک پارێزراو دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە قوباد تاڵەبانی پێشوازی لە باڵیۆز عه‌لی رەزا گوينه‌ى، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتيى كاروبارى عێراق و ئێران له‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى توركيا کرد و پێکەوە لەبارەی پرۆسەی ئاشتی و چەند پرسێکی دیکە گفتوگۆیان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆک وەزیران جەختیکردەوە لەسەر پشتگیری هەرێمی کوردستان لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و رایگەیاند، سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە لە بەرژەوەندیی هەموو ناوچەکەیدایە و هەڵگری ئەو پەیامەیە بۆ هەموو ناوچەکە کە دواجار چارەسەری راستەقینە و ریشەیی کێشەکان هەر لە رێگەی ئاشتی و لێکتێگەیشتنەوە بەدی دێت نەک لە رێی شەڕ و ئاڵۆزی و ناسەقامگیرییەوە.
قوباد تاڵەبانی روونیکردەوە کە گفتوگۆی بەردەوام هەیە بۆ ئەوەی بەپێی دەستور کێشە و ناکۆکییەکان چارەسەر بکرێن، ئێستا زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە لێکتێگەیشتن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە تایبەتیش کێشەی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم هەیە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن