چارەنووسی مووچەی مانگی شەش یەکلایی دەبێتەوە
03:20 - 23/08/2025
زەمەن _ هەواڵەکان
بڕیارە ئەمڕۆ وەفدی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا بکەن بۆ یەکلاکردنەوەی داهاتی نانەوتی و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم وخەرجکردنی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێم.
ئەمڕۆ شەممە، ٢٣ی ئابی ٢٠٢٥، وەفدی حکومەتی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە سەردانی بەغدا دەکەنەوە بۆ تەواوکردنی درێژەی گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ و چاوەڕوان دەکرێت وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم و وەزیری سامانە سروشتیەکان لە وەفدەکەی هەرێمدابن و بڕیاروایە کۆبونەوەکە سبەینێ دەست پێبکات و ماوەی دوو ڕۆژ بخایەنێت.
هاوکات، یەکێک لەو پرسانەی بڕیارە باس بکرێت هەنگاوی بەپەلەی حکومەتی هەرێمە بۆ ڕازیکردنی ئەو سێ کۆمپانیایەی کە تا ئێستا ڕەزامەند نین بۆ دەست پێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم تاوەکو گرەنتی خەرجکردنی کرێی گواستنەوەیان بۆ دەکرێت.
هەروەها یەکێکی دیکە لە پرسەکان تاوتوێکردنی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمە کە عێراق تا کۆتایی مانگی دەی ئەمساڵ دیاریکردوە بەڵام هەرێم دەیەوێت وادەکە درێژ بکرێتەوە، دیاریکردنی داهاتی ناوخۆش پرسێکی دیکەی گفتوگۆکان دەبێت.
دەربارەی خەرجکردنی مووچەی مانگی شەش وەزیری دارایی عێراق رایگەیاندوە، دەبێت پابەندییەکان جێبەجێبکرێت وهەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە ئەکات مووچە خەرج دەکرێت.
ئەوەشزانراوە، گەر کۆبوونەوەی ئەم دو رۆژە بەباشی بەرێوەبچێت ئەوا ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە موچەی مانگی شەش خەرجدەکرێت دواتر ڕێکەوتنێک دەکرێت تا ساڵی نوێ.