وەزارەتی ناوخۆ: بەغدا دەستی داوەتە گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکانی پێکهاتەکانی مەسیحی و ئێزدی
06:22 - 21/08/2025
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە پێشهاتێکی نا دەستووری
و دژ بە مافە سەرەتاییەکانی هاووڵاتیان، لێژنەی باڵای ئیغاسە و بە سەرپەرشتی
وەزیری کۆچ و کۆچبەران، دەستی داوەتە گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکانی پێکهاتەکانی
مەسیحی و ئێزدی، کە خەڵکە ڕەسەنەکەی بە ناچاری لە کەمپەکان دەژین.
دەقی راگەیەندراوی وەزارەتی ناوخۆ..
لە پێشهاتێکی نا دەستووری و دژ بە مافە سەرەتاییەکانی هاووڵاتیان،
لێژنەی باڵای ئیغاسە و بە سەرپەرشتی وەزیری کۆچ و کۆچبەران، دەستی داوەتە گۆڕینی
دیموگرافیای ناوچەکانی پێکهاتەکانی مەسیحی و ئێزدی، کە خەڵکە ڕەسەنەکەی بە ناچاری
لە کەمپەکان دەژین.
بە هۆی شەڕی داعشەوە، ژمارەیەکی زۆری
هاووڵاتیان، بە تایبەت لە پێکهاتەی مەسیحی و کوردانی ئێزیدی، بە پاڵپشتی خەڵک و
حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاوکاری ئاژانس و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە کەمپەکان
گیرساونەتەوە و تاوەکو ئێستا ١٨ کەمپی تایبەت بە ئاوارەکان لەهەرێمی کوردستانن و
زیاتر لە ٦٠٠ هەزار ئاوارە نەیاتوانیووە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و چاوەڕێی دۆخێکی
ئارام دەکەن بۆ ئەوەی بە سەلامەتی و سەربەرزانە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان. لە بری
پاڵپشتیکردنی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و بەشداریکردن لە زەمینە خۆشکردن بۆ دۆخێکی
سەقامگیر، وەزیری کۆچ و کۆچبەران و لێژنەی باڵای ئیغاسە کۆبوونەوە دەکەن بۆ ئەوەی
ئاوارەکان لە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان بێ بەش بکەن و بێ دیراسە و راوێژکردن
لەگەڵیان ناچاریان دەکەن وەکو نیشتەجێی دەرەوەی زێدی خۆیان بمێننەوە.
ناچارکردنی ئاوارەکان بە تێکەڵبوونی
زۆرەملێ لە ناوچەکانی دەرەوەی زێدی خۆیان، دۆخی دیموگرافی نوێ دروست دەکات کە دژی
دەقەکانی دەستوور دەبێت و جۆرێکە لە جۆرەکانی گۆڕینی دیمۆگرافی بە شێوەی نایاسایی.
ئەمەش لەسەر ئاستی ناوخۆیی پێچەوانەی دەقەکانی دەستووری عێراقە و لەسەر ئاستی
نێودەوڵەتیش پێچەوانەی بنەماکانی ڕەفتاری نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی کۆچی
ناوخۆیی دەبێت و هەروەها دژ دەبێت بە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و ڕێکەوتننامەکانی
ژنێڤ کە پشتگیری لە گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەران بە شێوەی خۆبەخشانە و سەلامەت و
کەرامەتمەندانە دەکەن، نەک بە بڕیارە ئیدارییەکان یان بە خشتەی کاتی سەخت و
ناواقیعی.
بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە، داوا دەکەین
بەپەلە:
یەکەم: حکومەتی فیدراڵ ئەو بڕیارانەی
وەزیری کۆچ و کۆچبەران ڕابگرێت و جێبەجێ نەکرێت.
دووەم: نوێنەری تایبەتی نەتەوە
یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ کار بکەن بۆ
ڕاگرتنی ئەو بڕیارانە.
دووەم: داوا دەکەین پەلە بکرێت لە
جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی شەنگاڵ، و دیاریکردنی قائیمقامێکی نوێ، و دەستپێکردنی پڕۆسەی
ئاوەدانکردنەوە و ئاساییکردنەوەی بارودۆخ و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان.
حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە لە
چارەسەری یاسایی کێشەکان کە بەستراوەتەوە بە گەڕانەوەی خۆبەخشانە و سەربەرزانەی
ئاوارەکان وبە ویست و ئازادی خۆیان و دڵنیا بوون لە ئێستا و ئایندەیان لە رووی
ئاسایش و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و پاراستنی موڵک و ماڵیان. چارەسەری
ئەو دۆخە بە خۆدزینەوە لە ڕێگاچارەی دروست و مامەڵەکردن لە گەڵ هۆکارەکان ناکرێت و
ئەوەی لە کۆبوونەوەکە بڕیاری لێ دراوە، خۆدزینەوەیە لە واقیع و بەرپرسیارێتی
بنەڕەتی چارەسەرکردنی کێشەکان.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان