شهرق ئهلئهوسهت: جەنگی برا دوژمنەكان، دانیشتوانی سلێمانی توشی شۆکكرد
04:04 - 23/08/2025
زەمەن:-
ڕۆژنامهی شهرق ئهلئهوسهت بڵاویكردهوه، دانیشتوانی شاری سلێمانی توشی شۆک بوون بە پێکدادانێکی خوێناوی، کە هێزە ئەمنییە حکومی و حزبییەکان تێیدا بەشداربوون، بەر لەوەی بۆیان ئاشكرابێت شەڕی نێوان ئامۆزاکانی ناو خێزانی جەلال تاڵەبانی، سەرۆک کۆماری کۆچکردووی عێراق بووە.
ئەمڕۆ شەممە، ٢٣ی ئابی ٢٠٢٥، ڕۆژنامەی شەرقلئەوسەت ڕایگەیاند: لە ئێوارەی پێنجشەممەوە تا بەرەبەیانی هەینی، دهرچوونی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ لاهور شێخ جەنگی، ئامۆزای بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان گۆڕدرا بۆ تێکهەڵچونی سەربازی و گەمارۆدانی هۆتێلێک لە سەنتەری شارەکە، ئەنجامی ئەو تێکهەڵچونانەدا گیان لهدهستدان و برینداری لێكهوتهوه و لاهور شێخ جەنگی و ئەندامانی بنەماڵەکەی دەستگیرکران.
دەشڵێت: دەسەڵاتدارانی کورد ئەو شوێنەیان ئاشکرا نەکرد کە لاهور شێخ جەنگی و دوو براکەی بۆی گواستراونەوە، بەڵام سەرچاوە سیاسییەکان به ڕۆژنامهی شهرق ئهلئهوسهتیان ڕاگهیاندوه، ئەو دەستگیرکراوانە پێدهچێت ساڵانێک زیندانی بکرێن بەهۆی ئەوەی بە "پیلانێک بۆ تێکدانی ئاسایشی سلێمانی" تۆمهتبار كراون.
بهگوێرهی ڕۆژنامهكه، سەرچاوە ئاگادارەکان بونی "ئەجێندایەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی"یان ڕەتنەکردەوە کە ململانێی ناوخۆیی نێوان "براکانی دوژمن" گەورەتر بکات، سەرچاوەیەکی کوردی دهڵێت، "پێناچێت ئۆپەراسیۆنەکە دوربێت لە کەشی ململانێی نێوان ئێران و ئەکتەرە ڕکابەرەکانی ناوچەکە".
سەرکردەیەکی کورد کە بە هۆی هەستیاریی ئەو پرسە داوای کرد ناوی ئاشکرا نەکرێ، باسی لەوە کردوه، ڕیشەی ناکۆکییەکە بنەماڵەییە، مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانێک لەمەوبەر لەنێوان ئامۆزاکاندا.
لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بهرهی گەلە، کە لە ساڵی 2024 دوای شەڕێکی یاسایی لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی كوردستان دامەزراوە، لە ساڵی 2023وه لاهور شێخ جەنگی تۆمەتبار کرابو بەوەی کە هەوڵی ژەهراویکردنی بافڵ تاڵهبانی داوە، ئەوەش سەرەتای لاپەڕەیەکی تاڵ بو لە ململانێی "برایانی دوژمن" لەناو ئەو بنەماڵەیەی کە دەیان ساڵە حوکمڕانی سلێمانی دەکەن.
بافل جەلال تاڵەبانی لە ساڵی 1973 لە بەغدا لەدایک بوە و ساڵانی هەرزەکاری لە لەندەن بەسەر بردوە، کوڕی جەلال تاڵەبانی، سەرۆک کۆماری کۆچکردوی عێراقە و سەرۆکی ئێستای یەکێتی نیشتمانی کوردستانە.
لاهور شێخ جەنگی لە ساڵی 1976 لە شاری کۆیە لە ڕۆژئاوای هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان لەدایک بوە، فەرماندەیی دەزگایەکی ئەمنی بوە بە ناوی "دهزگای زانیاری"، ناوبانگێکی زۆری لەناو هێزه ئهمنیهكاندا هەبوە.
لە ساڵی 2020 لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی بون بە هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، پێش ئەوەی لە ساڵی 2021 لە پۆستەکەی دوربخرێنەوە، ئەوەش جەمسەرگیری کۆمەڵایەتی لە سلێمانی لەنێوان ئەو دو ئامۆزایهدا توندتر کرد، کە هەریەکەیان نفوزی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئەمنییان هەیە.
ئۆپەراسیۆنەکە دوای دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەرۆکی بەرەی گەل له ئێوارەی پێنجشەممەدا (21ی 8ی 2025) دەستیپێکرد، ئەو شوێنهی لاهور شێخ جهنگی لێی دهمایهوه لە گەڕەکی سەرجنار لە سلێمانی گەمارۆدرا، دوای چەندین کاتژمێر لە گەمارۆدان، ڕوبەڕوبونەوەیەکی چەکداری لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و چەکدارانی دڵسۆز بۆ لاهور شێخ جەنگی سەریهەڵدا.
لە ئەنجامی پێکدادانەکاندا لانیکەم سێ چوار گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 10 کەسی دیکەش برینداربون، دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان لاهور شێخ جەنگی و براکانی، پۆڵاد و ئاسۆیان دەستگیرکرد، کۆتایی بە پێکدادانەکە هێنا.
لەگەڵ پەرەسەندنی شەڕ و پێکدادانەکان لە ناوەندی شارەکە و دوکەڵ لە دەوروبەری هۆتێلەکەوە بهرزدهبوهوه، هێزە ئەمنییەکان سەرجەم دەروازەکانی چونە ژورەوە و دەرچونەکانیان بۆ سلێمانی داخست.
حکومەتی فیدڕاڵی نیگهرانی خۆی بۆ ڕوداوە خوێناویەکانی سلێمانی دەربڕی، سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ڕایگەیاند، "حکومەتی فیدراڵی دوپاتی دەکاتەوە کە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان پابەندبن بە ڕێوشوێنە یاسایی و دادوەرییەکان بەپێی بڕگەکانی دەستور و بە شێوەیەک کە لەگەڵ بنەماکانی دادپەروەری و سەروەری یاسادا بگونجێت".
دەشڵێت، "وێڕای جەختکردنەوە لەسەر گرنگی جێبەجێکردنی ئەو ڕێوشوێنانە بە بێلایەنی و شەفافیەتی تەواو، دور لە هەر دەرکەوتێکی چەکداری یان هەوڵدان بۆ ترساندنی هاووڵاتیان، دوپاتی دهكهینهوه کە پێویستە جێبەجێکردنی یاسا بە شێوەیەک ئەنجام بدرێت کە پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ مسۆگەر بکات".
لایخۆیەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە گرنگی سەروەری یاسا و پاراستنی ئاسایشی هاوڵاتیان کردەوە، هەروەها سەرۆکایەتی هەرێم جەختی لە گرنگی "سەروەری یاسا و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری شارەکە و پاراستنی ژیان و سەروەت و سامانی هاوڵاتیان" کردەوە.