نووسینگەی سەرۆکی حکومەت: هێرشەکەی سەر لالەزار لەلایەن هێزەکانی یەکێتییەوە ئەنجام دراوە
11:04 - 23/08/2025
زەمەن - هەولێر
نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە
راگەیێندراوێکدا، هێرشی شەوی رابردووی سەر "لالەزار"ی خستە ئەستۆی هێزەکانی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و رایگەیاند، رووداوەکە کێشەیەکی نێوان یەکێتی و
"بەرەی گەل" بووە.
ڕاگەیەنراوێک لە نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی
کوردستانەوە
هێرشی دوێنێ شەوی سەر لالەزار لە لایەن هێزەکانی
ینک ئەنجام دراوە و کێشەیەکی نێوان ینک و بەرەی گەل بووە و سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم
ئاگادار نەبووە تا دوا ساتەکانی گەمارۆدان و پەلامار دان.
سەرەڕای هەوڵی زۆری سەرۆکی حکومەت بۆ ئەوەی شەڕ
و پێکدادان ڕوو نەدات، بەڵام زۆر بە داخەوە هێڕشەکە ئەنجام درا و کوژراو برینداری
لێ کەوتەوە.
زۆر نیگەران و دڵگرانین بەو ڕووداوە و ئێستاش،
پێویستە یاسا ببێتە جێگرەوەی بڕیاری حزبی و توندوتیژی و چیتر شەڕ و ئاژاوە، سەقاگیری
هەرێمی کوردستان نەخاتە مەترسییەوە.
نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
22-8-2025