بەشە میراتی ئێمە و بەشه میراتی ئەوان !
8/17/2025 1:33:00 PM
ئاریز عەبدوڵا
یەکەم:
پێشتر لە ماڵی ئێمە یان مالی یەکێك لە هاوڕێکانی باوکم کۆبونەوەی نهێنی دەکرا، کاتێك گەیشتمە پۆلی دووی ناوەندی باوکم کۆچی دوایی کرد. ئهو كات بارودۆخی داراییمان باش نەبوو، تەنانەت کرێچیش بووین، دوای تەواوبوونی پرسەکەی، لە کۆبونەوەیەکدا، هاوڕێکانی باسی من دەکەن، تا لە جیاتی ئەو بە ئەندامی ڕێکخستنی نهێنیم دابنێن.
ئەوانەی لە بیرم ماون مامۆستا هەندرێن، کاك کەمال فەقێ، کاك سەید عومهر، کاك سلێمان عهباس، کاك عومهر کنەکی ، کاك مستەفا حاجی ئامينە .....تد بوون، لەم بەڕێزانە سئ کەسيان کۆچی دواییان کردووە، جێگەيان بەهەشت بئ و سێ کەسیشیان ماون، خوا تەمەنيان درێژ بکات .لە کۆبونەوەکە مشتومڕێك دروستدەبێ ،هەندێکیان دژی دانانم دەبن و دەڵێن: منداڵە، دەترسێین نهێنییەکان ئاشکرابکات یان ئهگهر بگیرێ ئیعترافمان لەسەر بکات. هەندێکشیان دەڵێن: لەبەر ئەمە و ئەوە و .... تد وەربگیرێ باشە، ئەنجام دەکرێم بە جێگرەوەی باوکم .دوای کۆبوونەوەكە مامۆستا هەندرێن بانگیکردم و دوای پیاهەڵدان و ئامۆژگاری گرنگی مامانە گوتی: لەبەر ئەوەی تۆ برا گەورەی خێزانەکەتی ئێستا لە جێی باوکتی، لەبەر ئەوەش كه لە جێی باوکتی، لە ڕێکخستنی نهێنی تۆمان لە جێی ئەو داناوەتەوە ٠
چ هەستێکم لا دروست بوو و چیم گوتووە لە کاتی خۆیدا دەیگێڕمەوە، بەڵام ههر ئهو ڕۆژهی لە ڕێکخستنی نهێنی جێگەی باوکمم گرتەوە، ناوی نهێنی (دەرباز)یان بۆ دانام، ئیدی بەم شێوەیە چوومە مەیدانی خەباتی سەخت و دژوار، واتە قوربانیدان و خەباتم بە میرات بۆ مایەوه.
باوکم زیندانی سیاسی بوو، پێشمەرگە بوو، هەمیشەش لەگەڵ هەژاران و لێقەوماوان بوو. لە پێشمەرگایەتیشدا برینداربوو. منیش كه هاتم و ئەو ڕێگایەم گرتەبەر بەهەمان چارەنووسدا تێپهڕیم، گیرام، بووم بە پێشمەرگە، برینداریش بووم و هەمیشەش هەوڵمداوە لەگەڵ چینە ڕەش و ڕووتەکەدا بم.
دوای ئهوهی بووم به ئەندام زۆری نەبرد شەوێکيان مامۆستا هەندرێن لەگەل هاوسەرەکەی بە مەبەستی ماڵ ئاوايی هاتە ماڵمان و گوتی: لەلایەن مام جەلالەوە داواکراوم و دەبێ بچمە دەرێ، واتە پێشمەرگایەتی. ئەو ڕۆیشت و کاك کەمال فەقێ لهبری ئهو بوو بە لێپرسراومان، بەڵام ئەویش بەهەمان شێوە داواکرا و و مام سەيد عومەر جێگەی گرتەوە٠
پێش ئەوەی مام کەمال بڕوا هەندێ ئەرکی پئ سپاردم،
یەکێك لەو ئەرکەکانە خوێندنەوەی ئەدەبیاتی شوڕش بوو بۆ چەند هەڤاڵێکی نەخويندەوار.
ڕۆژ هات و ڕۆژ چوو، بە هەموو سەختییەکانی زیندان و پێشمەرگایەتیدا تێپەڕیم، لێپرسراویەتبی باڵاشم وەرگرت. ئەو کات واتە سەردەمی شۆڕشگێڕی ، نەک سەردەمی دەسەلات ،من و هەموومان پێمان وا بوو لێپرسراویەتی چەند باڵاتر بێ، لە خۆبردوویی پتری دەوێ، بەڕاستیش وا بوو ، چونکە ئەو سەرکردە و تێکۆشەرانەی دەچوونە بەردەم سێدارەی دوژمن و لە سەنگەرەکاندا شەهید دەبوون، نموونەی باڵامان بوون، هەزارانی وەك من لەسەر هەمان بيروباوەڕ ماينەوە، کەچی رۆژگار گۆڕا و بە پێچەوانەی خەون و پرانسيپەکانمان دياردەيەك لە کوردستان بە گشتی سەری هەلدا . کاتێك لە سايەی ئەو دياردە نالۆجيکيە بەراوردێك لە نێوان ئەو میراتەی بۆ ئێمە لەگەڵ ئهو میراتهی بۆ ئەوانەی تر بهجێماوه دەکەم،دوو جیهانی دژ بەيەك دەبينم ،چونكه ئێمە لەسەردەمی نەهامەتی گەل میراتی قوربانیدانمان بەرکەوت، ئەوانیش لە سەردەمی ئازادی و دەسەلاتداری ، دەسەڵات و پارە! من میراتی لایەنگریی چەوساوهكانم بۆ بەجێما، ئەوانیش هاوبەشی لەگەل سەرمایەدارە مشەخۆر و سەر و سەرمایەخۆر رکانی شۆڕش نەك، سەرمايەدارە رەسەنەکان!
لە سایەی ئەو حکومەتەی بەخوێن بەدەستمان هێنا، من وەك پێشمەرگەيەکی ئاسايی تەنیا پارچە زەویەکی 200 مهتریم لە شارۆچکەیەک وەرگرتووە، نەک لە شارە گەورەکان (بەندە هەر ئەوەندە بە مافی خۆم دەزانم) کەچی ئەوان وەک میرات دەستيان بەسەر دەيان دۆنم زەوی و زاری بازرگانی و نیشتەجێبوون و گەشتوگوزاردا گرتووە و تا دێش بەشە ميراتی نەوەکانيان گەورەتر و فراوانتر دەبئ !