لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد و پارێزگای سوەیدا هەڵبژاردن دواخرا
05:15 - 23/08/2025
زەمەن:-
هەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێی سووریا لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی (كورد) و پارێزگای (سوەیدا)ی دروزنشین دواخرا.
ئەمڕۆ شەممە، ٢٣ی ئابی ٢٠٢٥، لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكان لە سووریا بڕیاریدا بە دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمان (ئەنجوومەنی گەل)، لە هەرسێ پارێزگای (سوەیدا- حەسەكە- رەقە)، ئەمەش بەهۆی “ئەو ئاڵنگارییە ئەمنییەی كە ئەو سێ پارێزگایە بەخۆیەوە دەبینێت”.
نەوار نەجمە، وتەبێژی لیژنەی هەڵبژاردنەكان بە تەلەڤزیۆنی فەرمی سووریای رایگەیاند، بڕیاری دواخستنی هەڵبژاردن لەو پارێزگایانە لە پەرۆشی لیژنەی هەڵبژاردنەوەیە بۆ بەدیهێنانی نوێنەرایەتی دادپەروەرانەی ئەو سێ پارێزگایە لە ئەنجوومەنی گەل و؛ كورسی تەرخانكراوی ئەو پارێزگایانە بە پارێزراوی دەمێنێتەوە تا ئەوكاتەی هەڵبژردنیان تێدا دەكرێت.
ڕاشیگەیاندووە، لیژنەی هەڵبژاردن بڕیاریداوە بەدواخستنی هەڵبژاردن لەو سێ پارێزگایە تا ئەوكاتەی دۆخی گونجاو و ژینگەیەكی ئارام دروست دەبێت كە زامنی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بكات بەشێوەیەكی سەلامەت.
ئەحمەد شەرع، سەرۆكی قۆناغی راگوزەری سووریا هەفتەی ڕابردوو مەرسومێكی دەكردووە و بەپێ ئەو مەرسومە (سیستەمی هەڵبژاردنی كاتیی ئەنجوومەنی گەل)ی پەسەندكردووە.
سیستەمەكە قەدەغەی كردووە (پارێزگار، سەرۆك وەزیرانەكانی پێشوو) خۆیان بۆ پەرلەمانی نوێ كاندید بكەن، هاوكات قەدەغەی كردووە “ئەوانەی بانگەشە بۆ دابەشبوونی سووریا و جیابوونەوە” دەكەن خۆیان كاندید بكەن، رەنگە لەمەدا بە پلەی یەكەم كورد بە ئامانج گیرا بێت، ئەوانەشی كە پشتیوانییان لە رژێمی پێشووی ئەسەد كردووە بە هەمان شێوە كاندیدبوونیان قەدەغەكراوە.
بەگوێرەی سیستەمە پەسەندكراوەكە، ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی گەلی سوریا لە (210) كەس پێكدێت، دوو لەسەر سێی ئەم كەسانە بەگوێرەی حوكمەكانی مەرسومەكەی ئەحمەد شەرع هەڵدەبژێردرێن و كورسییەكان بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووان بەسەر پارێزگاكاندا دابەشدەكرێت.