لێكنزیكبونەوەی هەرێم و بەغدا بۆ رێكەوتن بەم شێوەیەیە:
11:49 - 07/07/2025
زەمەن - هەرێمی كوردستان
لەكاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆوە وەفدێکی باڵای هەرێم لە بەغدادن و وەڵامی
رەشنووسەکەی حکومەتی عیراقیان پێیە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانیش لەسەر زۆرینەی
پرسەکان رێککەوتوون.
كۆبونەوە گرنگەكە لەنوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق لەكاتژمێر
11وە دەستیپێكردووە.
بەپێی زانیاریەكانی "زەمەن" شاندی هەرێم بریتین لە : كەمال محەمەد
وەزیری سامانە سروشتیەكان و د.ئومێد محەمەد سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و
د.ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران
شاندی باڵای هەرێم لەگەڵ خۆیاندا وەڵامی ئەو رەشنووسەیان پێیە کە حکومەتی عیراق
خستبوویە بەردەستی هەرێم.
بەگوێرەی زانیاریەكان؛ لێکتێگەیشتن لەنێوان هەرێم و بەغداد هەیە و زۆرینەی
گرفتەکانیان تێپەڕاندووە.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، پرسی نەوت بەمجۆرەی ئێستا دەمێنێتەوە تاوەکو
لەماوەی داهاتوودا وەفدێکی تەکنیکی دێتە هەرێم و لە نزیکەوە ئەوە چارەسەر دەکەن
ئاخۆ هەرێم بۆ پێداویستی ناوخۆ بڕی چەند نەوتی پێویستە.
پێشتر هەرێم داوای زیاتر لە 115 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی دەکرد بۆ پێداویستی
ناوخۆ، بەڵام ئێستا داوای 65 هەزار بەرمیل نەوت دەکات، بەڵام بەغداد بەپێدانی تەنها
46 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رازییە.
لەبارەی داهاتی نانەوتی و ناوخۆشەوە رێککەوتنێکی سەرەتایی هەیە کە هەرێم
مانگانە 115 ملیار دینار رادەستی بەغداد بکات.
هەرچی لەبارەی کرێی کۆمپانیاکانە؛ لێکتێگەیشتن هەیە لەنێوان هەرێم و عیراق
کە کرێکە یان بە پارەی کاش یان بە پێدانی نەوت بدرێتەوە بەو کۆمپانیایانە.
ئەوەی جێگای ئومێدەو ئەگەر هیچ گرفتێك نەیەتە پێشەوە ئەمڕۆ رێككەوتنەكە ئیمزادەكرێ
و سبەینێ بۆ بڕیار لێدان دەبرێتە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق.